وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی هەناری ئەمساڵ لە ساڵی رابردوو زیاتر دەبێت

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی هەناری ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی ساڵی رابردوو زیاتر بێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، قارەمان قادر، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 روونیکردەوە، ساڵی رابردوو بەرهەمی هەنار لە هەرێمی کوردستان بە 65 بۆ 75 هەزار تۆن مەزەندە کراوە.

سەبارەت بە دۆخی بەرهەمی ئەمساڵ، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی: "هێشتا لە سەرەتای بەرهەمهێنانداین و نەگەیشتووینەتە لووتکەی وەرزەکە، چونکە لووتکەی پێگەیشتن و کۆکردنەوەی بەرهەمی هەنار دەکەوێتە مانگی تشرینی دووەم."

سەبارەت بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پێشبینیکراوی بەرهەم، قارەمان قادر گوتی: "ئەمساڵ بارانبارین باش بووە و کەشوهەوا لەبار بووە، هاوکات نەخۆشییەکان بەتایبەت نەخۆشییە کەڕووییەکان زۆر کەم بوون و ئەوەی هەشبووە کۆنترۆڵ کراوە، بۆیە بەپێی هەڵسەنگاندن و مەزەندەکانمان، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵ زیاتر بێت."

سەبارەت بە وادەی خستنەڕووی هەناری خۆماڵی، گوتەبێژی وەزارەت رایگەیاند: "لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی یەکەم هەناری هەرێمی کوردستان دەکەوێتە بازاڕەکانەوە و تا سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم بەردەوام دەبێت."

قارەمان قادر جەختیکردەوە، ژمارەی ورد و کۆتایی بەرهەمەکە لە مانگی یەکی ساڵی داهاتوودا دیار دەبێت کاتێک وەرزی بەرهەمهێنان کۆتایی دێت، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی و ساڵانە بەرهەمی هەنار لە هەرێمی کوردستان بە نزیکەی 80 هەزار تۆن دەخەمڵێندرێت.