زەوی بەسەر فەرمانبەرانی سەروچاوە دابەش دەکرێت
خەونی دەیان فەرمانبەر لە سەروچاوە بۆ بەدەستهێنانی پارچە زەوییەک و مسۆگەرکردنی داهاتووی خێزانەکانیان دێتە دی.
لە چوارچێوەی بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی زەوی بۆ فەرمانبەران، قۆناخی یەکەمی پرۆسەکە 86 فەرمانبەری سەروچاوە دەگرێتەوە. بۆ چەسپاندنی دادپەروەری و پاراستنی شەفافییەت لە دابەشکردنەکەدا، رێکارەکان لەژێر چاودێریی نوێنەری داواکاریی گشتی و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی کارگێڕیی ناوچەکە بەڕێوەچوون، بە شێوەیەک کە تەنیا ساڵانی راژە، خاڵبەندیی فەرمی و تیروپشکی ئاشکرا چارەنووسی سوودمەندبووانیان دیاریکرد.
ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین رایگەیاند، لە سنووری ئیدارەی راپەڕین کە نۆ شارەدێ و سێ سەنتەری قەزا لە خۆ دەگرێت، لە چوارقورنە بە دوو قۆناخ زەوی دابەش کراوە و لە سەنتەری حاجیاواش بە دوو قۆناخ زەوی دابەش کراوە.
روونیکردەوە، لە سەنتەری سەروچاوە زەوی دابەش دەکرێت. لە کۆی 640 فەرمانبەر کە ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، دوای وردبینی ناوی 86 فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی پەسەند کراوە. ئەو زەویانەی دابەش دەکرێن دەکەونە نزیک یان ناوچەی خزمەتگوزاری، بۆیە سوودمەندبووان دەتوانن راستەوخۆ دەست بە دروستکردنی خانوو بکەن.
پڕۆسەکە کاتژمێر 9:00ـی بەیانی بە ئامادەبوونی داواکاریی گشتی و بەرپرسانی پەیوەندار بەڕێوەچوو. زەوییەکان بە تیروپشک بۆ فەرمانبەران دەرچوون و خاڵبەندیی سوودمەندبووانیش لە نێوان 30 بۆ 51 خاڵ بووە. سەرۆکایەتی شارەوانی سەروچاوە جەختیدەکاتەوە بۆ قۆناخەکانی داهاتوو هەوڵ دەدەن زەوی زیاتر بۆ فەرمانبەران دابین بکەن.
لە سنووری شارەوانی رانیە، 10 هەزار فەرمانبەر ناویان بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە و ئامادەکارییەکان بۆ دابینکردنی زەوی بەردەوامە. هەروەها سەرجەم شارەوانییەکانی ئیدارەی راپەڕین لە هەوڵی دابینکردن و تەرخانکردنی زەوی دان بۆ ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند دەبن.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران، مەسرور بارزانی بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.