کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی: سیستەمی ئەلیکترۆنیی سکاڵای کرێکاران هەموو کرێکاران دەگرێتەوە
کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی: لە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەتوانرێت بە دەنگ سکاڵا تۆمار بکرێت
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی وردەکاریی کارکردنی پلاتفۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ تۆمارکردن و بەدواداچوونی سکاڵای کرێکاران ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، سیستەمەکە سەرجەم چینی کرێکاران دەگرێتەوە و زانیاریی کەسیی سکاڵاکاران بە تەواوی پارێزراو و بەنهێنی دەمێنێتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەبدولڕەحمان ئامە، سەرپەرشتیاری سیستەمی ئەلیکترۆنیی چینی کرێکار لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند: "سیستەمەکە هەموو کرێکارێک دەگرێتەوە، ئەوانەشی دەستەبەری کۆمەڵایەتییان بۆ نەکراوە دەتوانن سکاڵا تۆمار بکەن".
سەبارەت بە شێوازی کارکردنی سیستەمەکە، عەبدولرەحمان ئامە روونیکردەوە، لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی، بەشێکی تایبەت بە ناوی "هێڵی هۆشیاریی کرێکاران" هەیە. ئەو بەشە چاودێریی سیستەمەکە و هێڵی گەرم دەکات، سکاڵاکان بەگوێرەی جۆر و گرنگییەکەیان پۆلێن دەکات و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار یان دەستەبەری کۆمەڵایەتی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەکات.
سەرپەرشتیاری سیستەمەکە جەختیدەکاتەوە کە بۆ پاراستنی سکاڵاکار، سەرجەم زانیارییە کەسییەکان لەوانە ناو و ژمارەی مۆبایل بە نهێنی لەناو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیدا دەپارێزرێن.
لەبارەی ئەو کرێکارانەی توانای نووسینیان نییە، سەرپەرشتیاری سیستەمی ئەلیکترۆنیی گوتی: "لەناو سیستەمەکەدا بەشێک جێگیر کراوە کە کرێکار دەتوانێت ناوەڕۆکی سکاڵاکەی لە رێگەی دەنگەوە بنێرێت". هاوکات سکاڵاکار دەتوانێت لەناو هەمان پلاتفۆرم بەشێوەی ئۆنلاین بەدواداچوون بۆ دۆخی سکاڵاکەی بکات و لە قۆناغەکانی وەڵامدانەوە ئاگادار ببێتەوە.
سەبارەت بە لایەنی یاسایی و سزادانی سەرپێچیکاران، ئامە گوتی، پشکنەرانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەدواداچوون بۆ کەیسەکان دەکەن. بەگوێرەی قەبارەی سەرپێچییەکە، رێکاری ئیداریی پێویست دەگیرێتەبەر یان کەیسەکە رەوانەی دادگای کار دەکرێت.
لای خۆیەوە فەرید عەلی، بەڕێوەبەری کار لە دەستەبەری کۆمەڵایەتیی هەولێر رایگەیاند: "ئێستا تەنیا دۆسیەی کرێکارانی بیانی وەک کارگوزار و ئەوانەی لە ماڵان کار دەکەن خراوەتە سیستەمەکەوە".
عەلی جەختیکردەوە، لەگەڵ تیمی سیستەم لەسەر هێڵن تا لە ئایندەیەکی نزیکدا و پێش سەری ساڵی نوێ، تەواوی بەڕێوەبەرایەتیی کار بکرێتە سیستەمی ئەلیکترۆنی.
22ـی تشرینی یەکەمی 2026، لە راگەیەندراوێکدا بەرێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی رایگەیاند؛ لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕێکخستنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان کرێکار و خاوەنکار، سیستەمی سکاڵای کرێکاران وەک پلاتفۆرمێکی فەرمی و مۆدێرن پەرەی پێدراوە. ئەم سیستەمە ژینگەیەکی ئەلیکترۆنیی پارێزراو، شەفاف و دەستپێگەیشتوو دابین دەکات بۆ ئەوەی کرێکاران بتوانن بە شێوازێکی سەردەمیانە و بێ لەمپەر سکاڵا و ناڕەزایەتییەکانیان تۆمار بکەن و بەدواداچوونی یاسایی بۆ کێشەکانیان مسۆگەر بکرێت.
ئەم پلاتفۆرمە ئامانجیەتی میکانیزمی چاودێری و مافەکانی کرێکاران بگەیەنێتە ئاستێکی باڵاتر لە رێگەی:
دابینکردنی کەناڵێکی فەرمی، روون و بێ ئاڵۆزی بۆ گەیاندنی سکاڵاکان.
مسۆگەرکردنی مافی دەستی کار و بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە و شەفافیەت لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکاندا.
کەمکردنەوەی رۆتین و بەفیڕۆچوونی کات لە پشکنین و چارەسەرکردنی خێرای کێشەکاندا.
دڵنیاییدان لە پاراستنی تەواوی نهێنی و زانیارییە کەسییەکانی سکاڵاکار بۆ رێگریکردن لە هەر لێکەوتەیەکی نەرێنی لە شوێنی کارەکەیدا.
سیستەمەکە بەگوێرەی زنجیرەیەکی تەکنیکی و کارگێڕیی رێکخراو کار دەکات:
تۆمارکردنی سکاڵاکان لە رێگەی فۆرمێکی ئەلیکترۆنیی ستاندارد کە بەکارهێنانی ئاسانە.
دابەشکردنی سکاڵاکان بەگوێرەی جۆر و تایبەتمەندی (وەک: شایستە داراییەکان و مووچە، کاتژمێرەکانی کار، سەلامەتی و ژینگەی کار، مامەڵە و پێشێلکارییە یاساییەکان و هتد).
تەرخانکردنی ژمارەیەکی تایبەت بۆ هەر سکاڵایەک تا کرێکار لە هەموو کاتێکدا بتوانێت ئاگاداری رێڕەوی کارەکەی بێت.
ناردنی نوێکاری و ئاگاداری بەردەوام بۆ سکاڵاکار لە قۆناخە جیاوازەکانی پرۆسەکەدا.
لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون بۆ راستیی کێشەکە لەلایەن بەش و تیمە پەیوەندیدارەکانەوە.
گەیاندنی ئەنجامی بەدواداچوونەکە و چارەسەری گونجاو بە سکاڵاکار.
داخستنی دۆسیەکە دوای کۆتاییهاتنی کێشەکە و ئەرشیفکردنی لە بنکەدراوەی سیستەمەکەدا بە مەبەستی پاراستنی مێژووی سکاڵاکان و ئاماری داهاتوو.
جێبەجێکردنی ئەم پلاتفۆرمە وەرچەرخانێکی بنەڕەتییە لە دروستکردنی ژینگەیەکی کاری یاسایی، تەندروست و دادپەروەرانە. سیستەمەکە دەبێتە ئامرازێکی کاریگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە قۆناخە سەرەتاییەکاندا و پێش تەشەنەسەندنیان، ئەمەش هاوسەنگی و سەقامگیری لە نێوان بەرژەوەندیی کرێکار و بازاڕی کاردا بەهێز دەکات.