سێنتکۆم بەرکەوتنی کەشتییە بازرگانییەکان بە مینە دەریاییەکان رەتدەکاتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم): ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە لە لایەن میدیاکانی ئێرانەوە بڵاوکراونتەوە و باس لە بەرکەوتن و تەقینەوەی کەشتییە بازرگانییەکان بە مینە چێندراوە دەریاییەکان لە گەرووی هورمز دەکەن.

 چوارشەممە 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی ئەو هەواڵ و بانگەشانەی دایەوە کە لەم دواییانەدا لەلایەن میدیاکانی ئێران لە بارەی تێکشکانی کەشتییە بازرگانییەکان بە مینە چێندراوەکانی گەرووی هورمز بڵاوکرابوونەوە.

سێنتکۆم رایگەیاندووە، لە ماوەی رۆژان و هەفتەکانی رابردوودا، میدیاکانی ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتی ئێران بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە کەشتییە بازرگانییەکان لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەرووی هورمزدا، تووشی پێکدادان لەگەڵ مینی دەریایی بوونەتەوە. سێنتکۆم جەختدەکاتەوە کە ئەم بانگەشانە نادروستن و دوورن لە راستی. 

هاوکات جەختی لەوەکردووەتەوە، سەرجەم رێڕەوە سەرەکییە نێودەوڵەتییە پەسەندکراوەکان لە گەرووی هورمزدا، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە مینی دەریایی پاککراونەتەوە و تا ئێستاش هەر بە پاکی ماونەتەوە. هەروەها هەزاران کەشتیی بازرگانی بە سەلامەتی رێڕەوەکانی تێپەڕبوونیان بەکار هێناوە و تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە هاتوچۆکردن.