ناتانیاهو نەگەیشتە زۆرینە و عەرەبەکان بوونە کلیلی پێکهێنانی حکوومەت

رۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆتی ئیسرائیلی نوێترین ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی بڵاوکردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی نزیکەی 90%ـی دەنگەکان ژمێردران.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، دوای ژماردنی 89.8%ـی دەنگەکان، کە دەکاتە زیاتر لە 5 ملیۆن دەنگ، بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل 53 کورسیی بەدەستهێناوە. گادی ئایزینکۆت، سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپا و رکابەری ناتانیاهو، 48 کورسیی بەدەستهێناوە.

ئەو ژمارانە هێشتا دوورن لەو زۆرینەیەی بۆ پێکهێنانی حکوومەت پێویستە، کە 61 کورسییە لە کۆی 120 کورسیی کنێست.

بەگوێرەی زانیارییەکانی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت، پارتە عەرەبییەکان 19 کورسییان بەدەستهێناوە. ئیسرائیل خۆی بۆ چەند هەفتەیەک لە نادیاریی سیاسی ئامادە دەکات، بەهۆی ئەو هەڵبژاردنەی کۆنترۆڵی ناتانیاهۆی بەسەر دەسەڵاتدا خستە ژێر پرسیار. ئەم دۆخەش ئەگەری ئەوەی هێناوەتە ئاراوە کە بەشێک لە پارتە جووەکان و عەرەبییەکان بۆ لادانی لە دەسەڵات هاوکاریی یەکتر بکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشبینی دەکرێت ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان دەربکەوێت، هەرچەندە پێشبینی ناکرێت براوەیەکی روون لە ئەنجامەکانەوە دەرکەوێت. ئەو پارتانەی عەرەبەکان سەرکردایەتییان دەکەن ئەنجامێکی بەرچاویان بەدەستهێناوە، بەڵام روون نییە ئایا رکابەرەکانی دیکەی حکوومەتی راستڕەوی نا تانیاهو لەگەڵیان هاوپەیمانێتی پێکدەهێنن بۆ گەیشتن بە زۆرینەی کورسییەکانی کنێست.

ناتانیاهو دوێنێ چوارشەممە هۆشداریدا لە پێکهێنانی حکوومەتێکی مەترسیدار، کە رەنگە پارتە عەرەبییەکان لەخۆ بگرێت. دەنگدەرانی عەرەب 20%ـی دانیشتووانی ئیسرائیل پێکدەهێنن.