دەرهێنەرێکی کورد: گێڕانەوەی راستگۆیانەی ئازارەکان زمانی جیهانیی سینەمایە

رامین محەممەدیار، دەرهێنەر و سیناریۆنووسی گەنجی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان، کە بە کورتەفیلمەکانی وەک "ئەسپی رەش" و "شکار" لە چەندین فێستیڤاڵی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا خەڵاتی گەورەی بەدەستهێناوە، لە چاوپێکەوتنکدا لەگەڵ کوردستان24 سەرنجی دەخاتە سەر ژیانی هونەریی خۆی لە ناوچە سنوورییەکانەوە تا جیهانی سینەمای جیهانی؛ هاوکات جەخت دەکاتەوە کە زمانی جیهانیی سینەما بە سڕینەوەی ناسنامەی خۆماڵی دروست نابێت، بەڵکو لە گێڕانەوەی راستگۆیانەی ئازارە مرۆییەکانەوە سەرچاوە دەگرێت.

هەینی 30ی تشرینی یەکەمی 2026، رامین محەممەدیار، دەرهێنەری خەڵکی شاری میرئابادی سەر بە پارێزگای ورمێ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پاش تەواوکردنی خوێندنی ئەکادیمی لە بەشی دەرهێنانی تەلەڤزیۆن لە تاران، توانیویەتی لە رێگەی کارەکانییەوە سەرنجی رەخنەگران بۆ لای خۆی رابکێشێت. محەممەدیار سەرەتای ئاشنابوونی بە هونەر بۆ تەمەنی 14 ساڵی و کاری دۆبلاژی ئەنیمەیشن دەگەڕێنێتەوە، بەڵام ژیان لە ناوچەیەکی سنووری و دیتنی مەینەتییەکانی ژیانی رۆژانەی خەڵک، گەورەترین هەوێنی بیرۆکەکانی بووە بۆ ئەوەی سینەما وەک کەرەستەیەک بۆ دەربڕینی هەست و ململانێ مرۆییەکان هەڵبژێرێت.

محەممەدیار کە ئەزموونی بەشداریکردنی لە کەمپی بەهرەمەندانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فەجر هەبووە و لەوێ لەگەڵ سینەماکاری ناوداری جیهانی ئۆلیڤەر ستۆن و چەندین دەرهێنەری تر کۆبووەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات، خوێندنی ئەکادیمی یارمەتیی داوە بە شێوەیەکی زانستییانە لە کەرەستەکانی دەرهێنان، دەنگ و وێنە تێبگات، بەڵام بڕوای وایە روانگەی تایبەتیی فیلمساز لە ئەزموونکردنی ژیان و چاودێریکردنی دەوروبەرەوە دروست دەبێت نەک تەنیا لە نێو هۆڵەکانی زانکۆدا.

کورتەفیلمی ئەسپە ڕەشەکە کە لە لایەن ڕامین محەممەدیارەوە دەرهێنراوە، توانیویەتی چەندین خەڵاتی گرنگ بەدەستبهێنێت

"ئەسپی رەش"؛ کاتێک مرۆڤ لە نێوان ئەرک و ویژداندا دەمێنێتەوە

کورتەفیلمی ئەسپی رەش بەرهەمی 2026 کە لە فێستیڤاڵی ئەڕوەند خەڵاتی باشترین فیلم، دەنگ و مۆنتاژی بەدەستهێنا و لە فێستیڤاڵی لاهیجانیش خەڵاتی تایبەتی داوەرانی پێبەخشرا، گێڕانەوەی چیرۆکی سەربازێکە لە ناوچەیەکی سنووری کە لە نێوان بەرپرسیارێتیی سەربازی و ئەرکی خێزانی و ئەسپێکی برینداردا تووشی تەنگژەیەکی قووڵی ئەخلاقی دەبێت.

محەممەدیار دەربارەی ئەم بەرهەمەی دەڵێت: "بۆ من گرنگ بوو چیرۆکەکە تەنیا کێشەیەکی جوگرافی نەبێت، بەڵکو بچێتە نێو دونیای دەروونیی کارەکتەرەکە؛ کاتێک ئازارێک هەیە و رێگای دەربازبوون لێی ئەستەمە، ئایا مرۆڤ تا چەند مافی ئەوەی هەیە بڕیار لەسەر چارەنووسی بوونەوەرێکی دیکە بدات؟ ئەم دۆخە دژبەیەکە ئەخلاقییە ناوەڕۆکی سەرەکیی فیلمەکەیە."

چیرۆکی لۆکاڵی دژ بە زمانی جیهانی نییە

دەربارەی فیلمی "شکار" کە چیرۆکی راوکردنی بەراز لە گوندێک و برینداربوونی بەهەڵەی یەکێک لە هاوڕێکان دەگێڕێتەوە و لە فێستیڤاڵەکانی دهۆک و مۆسکۆ و خەڵاتەکانی (ABU) بەشداریی کردووە، محەممەدیار دەڵێت: هەندێک پێیان وایە بۆ ئەوەی فیلمێک جیهانی بێت دەبێت دەستبەرداری رەگەزە کولتوورییە ناوخۆییەکانی ببێت، بەڵام من پێچەوانەکەی دەبینم. زمانی جیهانیی سینەما لە سڕینەوەی تایبەتمەندییە خۆماڵییەکانەوە نایەت، بەڵکو لە گێڕانەوەی قووڵ و راستگۆیانەی هەمان تایبەتمەندییەکانەوە لەدایک دەبێت کە دەست دەخاتە سەر پرسیارە گەردوونییەکانی وەک بەرپرسیارێتی و رەفتاری مرۆڤ."

سینەمای کوردی و پێداویستییەکانی داهاتوو

محەممەدیار کە ئەزموونی نمایشکردنی فیلمەکانی لە فێستیڤاڵەکانی دهۆک و سلێمانی هەبووە و لە مەهابادیش وەک مامۆستای سینەما و بەرپرسی بەشی فیلمی فێستیڤاڵی ئاسمانی کاری کردووە، هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی سینەمای کوردی دەکات و دەڵێت: سینەمای کوردی خاوەنی هەوێن و توانایەکی بێپایانە بۆ گێڕانەوەی چیرۆک لە مێژوو، کولتوور و دۆخی کۆمەڵایەتیی گەلەکەمان. بەڵام تەنیا هەبوونی چیرۆکی باش بەس نییە بۆ ئەوەی ئەم سینەمایە پێشبکەوێت؛ ئێمە پێویستمان بە بەرهەمهێنانی بەردەوام، دابینکردنی کەرەستەی پێشکەوتووی تەکنیکی، دەرفەتی نمایشکردن، و هاوکاریی زیاتری نێوان فیلمسازان لەگەڵ فێستیڤاڵ و بینەرانی نێودەوڵەتیدایە.

سەبارەت بە پلانی داهاتووی و ئەگەری چوون بەرەو فیلمی درێژی سینەمایی، رامین محەممەدیار ئاماژەی بەوە کرد، فیلمی کورت بە تەنیا پردێک نییە بۆ گەیشتن بە فیلمی درێژ، بەڵکو قالبێکی سەربەخۆ و کامڵە، بەڵام هەر کاتێک چیرۆکێک بدۆزێتەوە کە پێویستی بە پانتایی و کاتی زیاتر هەبێت، هەنگاو بەرەو بەرهەمهێنانی یەکەمین فیلمی درێژی سینەمایی دەنێت.