پاریس.. خاوەنکاران لە ترسی پشێوییەکانی هالووین دووکانەکانیان بە تەختە دادەپۆشن
لە ترسی دەستپێکردنەوەی پشێوی لە سێیەمین هەفتەی لەسەریەکی ناڕەزایەتییەکان کە هاوکاتە لەگەڵ ئاهەنگەکانی "هالووین"، بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکانی پاریس رووبەری دووکانەکانیان بە تەختە دادەپۆشن. دەسەڵاتدارانی فەرەنساش 70 هەزار کارمەندی ئەمنی بۆ رێگریکردن لە پێکدادان و تاڵانکاری بڵاوە پێ دەکەن.
هەینی 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، خاوەنکاران و دووکاندارەکان لە شاری پاریس و چەند شارێکی دیکەی فەرەنسا دەستیان کرد بە داپۆشینی شووشە و رووبەری پێشەوەی دووکانەکانیان بە تەختە، لە ترسی ئەوەی شەپۆلی نوێی ناڕەزایەتییەکان لە رۆژی شەممەدا هاوشێوەی هەفتەکانی رابردوو گرژی و توندوتیژیی لێ نەکەوێتەوە.
بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی 17ـی ئۆکتۆبەر، کە تێیدا هەزاران ناوەندی بازرگانی زیانیان بەرکەوت یان تاڵان کران، حکوومەتی فەرەنسا بڕیاریدا هاوشێوەی هەفتەی رابردوو، نزیکەی 70 هەزار کارمەندی هێزە ئەمنییەکان لە سەرانسەری وڵاتدا جێگیر بکات.
ئالان دی کرێشێنزۆ، سەرۆکی ژووری بازرگانیی فەرەنسا، نیگەرانیی قووڵی خاوەنکارانی خستەڕوو و بە کەناڵی فرانس ئینتەری راگەیاند:"دووکاندارەکان چاوەڕێن رۆژی شەممە بە سەلامەتی تێپەڕێت و دڵنیاییان نییە؛ ئەو زانیارییانەی لەبەردەستدان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوکاتبوونی خۆپیشاندانەکان لەگەڵ ئاهەنگەکانی هالووین دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، چونکە ژمارەیەکی زۆر خەڵک بە دەمامکەوە دەردەکەون کە ئەمەش دەرفەت بە تێکدەران دەدات."
لۆران نونێز، وەزیری ناوخۆی فەرەنسا، رایگەیاند گردبوونەوە رێگەپێدراوە، بەڵام لە نێوەندی شارەکاندا قەدەخەیە لەبەر مەترسیی تێکچوونی ئاسایشی گشتی. بەپێی ئەمەش، پۆلیسی پاریس تەنیا رێگەی داوە خۆپیشاندانەکان لە دەوروبەری شارەکەدا بەڕێوە بچن.
لە بەرامبەردا، یەکێتیی خوێندکارانی فەرەنسا (UNEF) دەسەڵاتدارانی بە هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی دەنگی گەنجان تۆمەتبار کرد و رایگەیاند کە سەرەڕای قەدەخەکردنەکە، بە شێوەیەکی مەیدانی لە گۆڕەپانی باستیڵەوە بەرەو گۆڕەپانی ناسیۆن لە رۆژهەڵاتی پاریس رێپێوان دەکەن.
وەزیری ناوخۆ هەروەها هۆشداریی دا لەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بانگەواز هەیە بۆ دروستکردنی گردبوونەوە لە شەوی هالوویندا بە ئامانجی هەڵگیرساندنی شۆڕش. بەپێی سەرچاوە ئەمنییەکانیش، لە دوای ئەوەی لە 17ی ئۆکتۆبەر دەزگا هەواڵگرییەکان لە خوێندنەوەی ئاستی مەترسییەکاندا تووشی کەمکوڕی بوون، ئێستا دۆخێکی دڵەڕاوکێی زۆر لە نێو فەرماندەیی پۆلیسدا هەیە و لەسەر بچووکترین زانیاری هێزێکی زۆر بڵاوە پێ دەکەن.
ئەم پەرەسەندنە ئەمنییانە لە کاتێکدایە کە تەنیا شەش مانگ ماوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی فەرەنسا و مارین لوپێن، سەرکردەی راستڕەوی توندڕەو، پێشەنگی راپرسییە گشتییەکانە.
شەپۆلی ناڕەزایەتییەکان کە لە لایەن چالاکوانان، سەندیکاکانی کرێکاران و خوێندکارانی زانکۆ و ئامادەییەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت، لە سەرەتادا دژی بەرزبوونەوەی تێچووی ژیان، قووڵبوونەوەی نایەکسانی و داڕمانی کەرتی پەروەردە سەریهەڵدا؛ بەڵام لە دوای رێکارە توندە ئەمنییەکانی دەسەڵات، داواکارییەکان فراوانتر بوون و ئێستا خۆپیشاندەران داوای پاراستنی ئازادییە مەدەنییەکان و مافی خۆپیشاندانی بێبەربەست دەکەن.