سێ کەسی دیکە لەسەر رووداوەکەی کفری دەستگیر کران

دەزگا ئەمنییەکانی قەزای کفری، تۆمەتباری سەرەکی و سێ کەسی دیکەیان بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی نامەی هەڕەشەئامێز و هاندەر بۆ توندوتیژی دەستگیر کرد، کە لە کاتی نوێژی هەینیدا لە پێش گوتارخوێنی دوو مزگەوتی قەزاکەیان دانابوو، هاوکات لێکۆڵینەوەی چڕ دەستی پێکردووە بۆ ئاشکراکردنی ئەگەری بوونی پەیوەندی لە نێوان تۆمەتباران و گرووپە توندڕەوەکاندا.

هەینی، 30ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەرێم جاف، پەیامنێری کوردستان24 لە گەرمیان، گوتی: لە قەزای کفری لە کاتی بەڕێوەچوونی نوێژی هەینیدا، لەنێو دوو مزگەوتدا و لەپێش گوتارخوێنەکانیدا کەسێک نامەیەکی داناوە، کە تەواوی ناوەڕۆکەکەی هاندان بووە بۆ توندوتیژی و توندڕەوی، ئەمەش وای کردووە دەستبەجێ دەزگا ئەمنییەکانی ناوچەکە بێنە سەر هێڵ بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی ورد و بە پەلە.

بە پێی زانیارییەکانی هەرێم جاف، ئەو کەسەی کە نامەکەی دابەش کردووە، کڵاوی لەسەر بووە و دەموچاوی خۆی داپۆشیوە بە مەبەستی شاردنەوەی ناسنامەکەی؛ بەڵام هێزە ئەمنییەکان لە کاتێکی کەمدا شوێنپێی تۆمەتبارەکەیان هەڵگرتووە و توانیویانە لە یەکێک لە بازگەکان دەستگیری بکەن، لە کاتێکدا چەکی جۆری دەمانچە و بڕێک فیشەکی پێ بووە.

لە درێژەی بەدواداچوونە ئەمنییەکاندا، سێ کەسی دیکەش لە سنووری قەزای کفری بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی و هاوکاریکردن لە بڵاوکردنەوەی ئەو نامەیەدا دەستگیر کراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەش کرد، کە پێنج سەرچاوەی ئاگادار پێیان راگەیاندووە: "سەرجەم شێواز و رێکارەکانی بڵاوکردنەوەی نامەکە و ناوەڕۆکەکەی زۆر لە شێوازی کارکردنی گرووپێکی توندڕەوی هاوشێوەی داعش دەچێت".

باسی لەوە کرد، لێکۆڵینەوەی چڕ لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە بەردەوامە بۆ یەکلاکردنەوەی ئەوەی کە ئایا پاڵنەری پشت ئەم کارە رەفتارێکی تاکەکەسی بووە یاخود لە لایەن گرووپێکی توندڕەوی رێکخراوەوە ئاراستە کراوە.

لە کاتی بڵاوکردنەوەی نامەکەدا، ترس و دڵەڕاوکێی لەنێو هاووڵاتییان و نوێژخوێنانی ناوچەکەدا دروست بوو، بەڵام لایەنە ئەمنییەکانی کفری بۆ کوردستان24ـیان پشتڕاست کردەوە کە دۆخەکە بە تەواوەتی لەژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانیاندایە، کەشوهەوایەکی ئارام باڵی بەسەر ناوچەکەدا کێشاوە و رێگە بە هیچ کەس و گرووپێکی توندڕەو نادرێت ئاسایش و سەقامگیریی سنوورەکە تێکبدەن.