مەسرور بارزانی: کوردستان24 داستانەکانی سەرکەوتن و  قارەمانیەتی پێشمەرگەی بە جیهان گەیاند

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی 11 ساڵەی دەسپێکردنی پەخشی دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتیی و دەستەی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی کەناڵەکە کرد.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا گوتوویەتی "کوردستان24 وەک دامەزراوەیەکی راگەیاندنی نیشتمانی و کوردستانی، داستانەکانی سەرکەوتن و  قارەمانیەتی پێشمەرگەی بە جیهان دەگەیاند و سەرچاوەیەکی سەرەکی میدیای جیهانی بوو لە بەرەکانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا".

سەرۆکی حکوومەت باسی لەوەش کردووە "ئومێدی سەرکەوتن و پێشڤەچوونی زیاتر بۆ كوردستان24 دەخوازم کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و نیشتمانیانە، پەیامی راگەیاندنی خۆی لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات".


دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆکی حکوومەت بۆ ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24:

بەڕێزان، بەڕێوەبەری گشتیی و دەستەی بەڕێوەبەرایەتی و کارمەندانی کەناڵی کوردستان24

بە بۆنەی یازدەیەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم. 

کەناڵی کوردستان 24، لە کاتێکدا دەستی بە پەخشی خۆی کرد، کە پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان بە ڕێبەرایەتی جەنابی سەرۆک بارزانی،  لە شەڕێکی دژواردا بوون لەگەڵ تیرۆریستانی داعش و سەرەنجام هێرش و پەلامارەکانی ئەو تیرۆریستانەیان تێکشکاند و (کوردستان24 )ـیش وەک دامەزراوەیەکی راگەیاندنی نیشتمانی و کوردستانی، داستانەکانی سەرکەوتن و  قارەمانیەتی پێشمەرگەی بە جیهان دەگەیاند و سەرچاوەیەکی سەرەکی میدیای جیهانی بوو لە بەرەکانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا. 

ئومێدی سەرکەوتن و پێشڤەچوونی زیاتر بۆ كوردستان24 دەخوازم کە بە شێوەیەکی پیشەییانە و نیشتمانیانە، پەیامی راگەیاندنی خۆی لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و داکۆکیکردن لە مافەکانی خەڵکی کوردستان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات.

یازدەمین ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24 پیرۆز بێت و هەمیشە لە پێشکەوتنی بەردەوامدا بن . 

مەسرور بارزانی 
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
2026/10/31