ئەو یاریزانەی نزیکەی 20 ساڵ مووچەی وەرگرت بەبێ ئەوەی یاری بکات
کارلۆس هێنریکی ڕاپۆسۆ ناسراو بە قەیسەر، یەکێکە لە کەسایەتییە سەیر و سەمەرەکانی مێژووی تۆپی پێی، پیاوێک کە بۆ ماوەی نزیکەی 20 ساڵ، بەبێ ئەوەی یەک یاری بکات مووچەیەکی خەیاڵی وەرگرت.
ئەو یاریزانە ساڵانێک گرێبەستی لەگەڵ چەندان یانەی بەڕازیلی و هەروەها دەرەوەی وڵاتەکەی واژۆ کرد و مووچەیەکی خەیاڵی وەگرت و ژیانێکی پیشەگەرانەی هەبوو، بەبێ ئەوەی یاریزانێکی کاریگەر بێت بۆ یانەکانی.
ڕاپۆسۆ لە ساڵی 1963 لە بەڕازیل لەدایکبووە و نازناوی قەیسەری هەبوو، ئەویش بەهۆی لێکچوونی لەگەڵ ئەفسانەی تۆپی پێی ئەڵمانی فرانز بێکنباوەر. بە پێچەوانەی ئەو وێنەیەی کە لە یاریزانێکی پیشەگەر چاوەڕوان دەکرا، هیچ بەهرەیەکی بەرچاوی تۆپی پێی نەبوو و ئارەزووی کەمی هەبوو بۆ ئەوەی لە یاریگا خۆی ببینێتەوە. ئەوەی بۆ ئەو گرنگ بوو ناوبانگ و پارە و پەیوەندی لەگەڵ ئەستێرەکان و شێوازی ژیانێکی شاهانە بوو.
ڕاپۆسۆ دەیزانی چۆن لە لاکێشەی سەوز شوێنی خۆی بکاتەوە و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە بەرفراوانەکانی و هاوڕێیەتییە نزیکەکانی لەگەڵ کەسایەتییەکانی وەک ڕیناتۆ گاوچۆ، ڕۆماریۆ، بێبێتۆ و ڕیکاردۆ ڕۆچا بەکارهێنا بۆ گەیشتن بە یانە جیاوازەکان و هەروەها ئامانجە سەرەکیەکەی. ئەو پەیوەندییە بەهێزانەی لەگەڵ یاریزانە دیارەکان وایکرد، هەر کاتێک یەکێک لەو یاریزانە بگوازرێتەوە یانەیەکی دیکە، پێشنیار بۆ ئەویش بکرێت و ئەویش ببێتە بەشێک لە گرێبەستەکە و پەیوەندی بەو یانانەوە بکات.
دیارترین ئەو یانانەی کە ڕاپۆسۆ یاری بۆ کردوون بۆتافۆگۆ، فلامینگۆ، فلومینێنسی، ڤاسکۆ داگاما و بانگو لە بەرازیل، پویبلا لە مەکسیک و ئەجاچیۆ لە فەرەنسا. یاریکردن بۆ ئەم جۆرە تیپانە وەک دەستکەوتێکی سەیر دەهاتە بەرچاو بۆ کەسێک کە توانایەکی کەمی تۆپی پێی هەبوو، بەڵام نهێنی سەرکەوتنەکەی لە یەک شتدا کورتکرایەوە و هەرگیز ڕێگەی نەدا خۆی ناچار بکات یاری بکات.
ئەو یاریزانە بەڕازیلیە لە کاروانی وەرزشی خۆی یاری بۆ زیاتر لە 10 یانە کردووە و یەک بەشداریشی لەگەڵ یانەکان نەبووە، هەروەها ئەو یاریزانە لەگەڵ هەر هەموو یانەکانیش مووچەی تەواوەتی خۆی وەرگرتووە.