عەلی تەتەر: هیوادارم کوردستان24 لە خزمەتی دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان بەردەوام بێت
عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆکی رەنگین لە پەیامێکی پیرۆزباییدا بۆ دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، تیشک دەخاتە سەر ئەو ئەرکە نیشتمانییەی کەوتووەتە ئەستۆی ئەم شاشەیە.
پارێزگاری دهۆک وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوەبەری گشتی و کارمەندان و بینەرانی کەناڵی کوردستان24، گوتی: لە تەواوی قۆناخەکاندا کوردستان24بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵ پرسە هەستیارەکاندا کردووە و لەناو لێشاوی رووداوەکاندا بووەتە مینبەرێکی پتەو بۆ پاراستنی شوناس و بەها باڵاکانی نەتەوەی کورد.
لە روانگەی پارێزگاری دهۆکەوە، متمانە و راستگۆیی سەرمایەی بنەڕەتیی هەموو میدیایەکی پیشەیین و دەڵێت: ئەم کەناڵە تاوەکوو ئێستا بەرپرسیارانە کاری میدیایی خۆیی کردووە لە رووماڵکردنی رووداوەکاندا، هیوادارین لەسەر ئەم رێباز و رێچکەیەی خۆی کە هەستی بەرپرسیارێتی نەتەوەیی، نیشتمانی، پەروەردەیی، لەبەرچاوگرتنی بەها کۆمەڵاتییەکان بەردەوام بێت. ئێمەش ئەم پێوەرانەی کوردستان24 زۆر بەرز دەنرخێنین.
عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆک، گوتیشی: هیوادارم کەناڵی کوردستان24 هەر لەسەر راستگۆیی و متمانەی جەماوەریدا بەردەوام بێت و وەک هەمیشە سەرچاوەی وەرگرتنی زانیاری و هەواڵی راست و دروست بێت بۆ هاووڵاتیان.
هەر بۆیە جەختدەکاتەوە کە پێویستە کوردستان24 بە هەمان ئەو پرەنسیپ و رێبازە بنەڕەتییەی لەسەری دامەزراوە، لە خزمەتکردنی دۆزی رەوای خەڵکی کوردستان بەردەوام بێت و دەنگی راستەقینەی کۆمەڵگە بێت.