ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پیرۆزبایی 11هەمین ساڵیادی کوردستان24 دەکات

بەبۆنەی یانزەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی دامەزراوەی میدیایی کوردستان24، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەری گشتی، رۆژنامەنووسان و تەواوی ستاف و بینەرانی کەناڵەکە کرد و رۆڵی دەزگاکەی لە گۆڕەپانی میدیاییدا بەرز نرخاند.

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، عەلی رەشید خۆشناو، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: "کوردستان24 لە ماوەی یانزە ساڵی رابردوودا بە کارکردنێکی پیشەیی، دیدێکی نوێخوازانە و هەستێکی بەرزی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، توانیویەتی پێگەیەکی دیار و متمانەپێکراو بەدەستبهێنێت و ببێتە پردێکی کاریگەر بۆ گەیاندنی دەنگی کوردستان بە عێراق، ناوچەکە و جیهان".

عەلی رەشید جەختی کردەوە، کوردستان24 تەنیا دەزگایەکی هەواڵگەیاندن نەبووە، بەڵکو بە روحیەتێکی نیشتمانپەروەرانە و پەیامێکی هیوابەخش، بەشدارییەکی بەرچاوی لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی کۆمەڵایەتی، پتەوکردنی کولتووری پێکەوەژیان، بەرگری لە مافە رەواکانی هاووڵاتیان و ناساندنی دەستکەوتەکانی هەرێمی کوردستان هەبووە.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ستایشی هەنگاوەکانی دامەزراوەکە کراوە لە هاوتەریببوون لەگەڵ تەکنەلۆژیای سەردەم و راگەیاندنی دیجیتاڵ. خۆشناو لەمبارەیەوە گوتی: "جێی پێزانینە کوردستان24 بە سوودوەرگرتن لە ئامرازە نوێیەکان و ژیریی دەستکرد، توانیویەتی پێشەنگی و نوێخوازیی خۆی بپارێزێت و لە هەمان کاتدا بنەماکانی راستگۆیی، وردبینی و متمانەی جەماوەر بکاتە سەرمەشقی کارەکانی".

لە کۆتایی پەیامەکەدا، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر وێڕای دەربڕینی رێز و پێزانین بۆ ماندووبوونی ستافی دامەزراوەکە، هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی بۆ خواستوون لە خزمەتکردن بە راستییەکان و بنیاتنانی هیوای داهاتوو.

دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن، 11 ساڵ لەمەوبەر و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی دژ بە داعش دەستی بە پەخش کرد و بە زمانی کوردی و پێنج زمانی زیندووی جیهانی، بووە سەکۆیەکی نیشتمانی بۆ داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان. لە پێنانە نێو دوازدەهەمین ساڵی کارکردنیدا، دامەزراوەکە پێداگری لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ دەکاتەوە؛ لەوانە پێشخستنی ڕاستیی هەواڵ بەسەر خێراییدا، پاراستنی شکۆی مرۆڤ و تایبەتمەندیی خێزان لەبری ورووژاندن، بەخشینی ئومێد و پاراستنی ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە، لەگەڵ مامەڵەیەکی هۆشیارانە لەگەڵ ژیریی دەستکرد بۆ رێگری لە چەواشەکاری. هاوکات لەسەر ئەم بنەمایانە، هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی پەرەپێدانی دیجیتاڵی و وەبەرهێنان لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنجدا دەنێت بێ سازشکردن لەسەر بەها نیشتمانی و پیشەییەکان.