سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسان: کوردستان24 دامەزراوەیەکی میدیایی پێشەنگە

سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی دەزگای میدیایی کوردستان24 کرد و ستایشی کار و ماندووبوونی ستاف و کارمەندانی ئەو دامەزراوەیەی کرد.

ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، هەندرێن ئەحمەد، سکرتێری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، لە پەیامەکەیدا؛ وێڕای دەستخۆشی لە کارمەندانی دەزگاکە، رایگەیاند: "پیرۆزبایی گەرمی خۆمتان پێشكەش دەكەم و دەستی ماندووبوونتان دەگوشم، بە هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی زێدەتر بۆ ئێوە."

هەروەها هەندرێن ئەحمەد ئاماژەی بە رۆڵی کاریگەری کەناڵەکە لە گۆڕەپانی راگەیاندندا کرد و گوتی: "كوردستان24 دامەزراوەیەكی میدیایی پێشەنگە." لە کۆتایی پەیامەکەشیدا هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ خواستن.

دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن، 11 ساڵ لەمەوبەر و هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی شەڕی دژ بە داعش دەستی بە پەخش کرد و بە زمانی کوردی و پێنج زمانی زیندووی جیهانی، بووە سەکۆیەکی نیشتمانی بۆ داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و برەودان بە کولتووری پێکەوەژیان.

هەروا لە پێنانە نێو 12هەمین ساڵی کارکردنیدا، دامەزراوەکە پێداگری لەسەر چەند بنەمایەکی نەگۆڕ دەکاتەوە؛ لەوانە پێشخستنی ڕاستیی هەواڵ بەسەر خێراییدا، پاراستنی شکۆی مرۆڤ و تایبەتمەندیی خێزان لەبری ورووژاندن، بەخشینی ئومێد و پاراستنی ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە، لەگەڵ مامەڵەیەکی هۆشیارانە لەگەڵ ژیریی دەستکرد بۆ رێگری لە چەواشەکاری. هاوکات لەسەر ئەم بنەمایانە، هەنگاو بەرەو قۆناغێکی نوێی پەرەپێدانی دیجیتاڵی و وەبەرهێنان لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنجدا دەنێت بێ سازشکردن لەسەر بەها نیشتمانی و پیشەییەکان.