جێگری کونسوڵی ئەرمینیا: کوردستان24 بە وردبینی هەواڵەکان دەگوازێتەوە

لە ساڵیادی دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24دا، رافاێل مۆڤسێسیان، جێگری کونسوڵی گشتیی ئەرمینیا لە هەرێمی کوردستان، ستایشی کار و پەیامی میدیایی دامەزراوەکەی کرد و رایگەیاند کە کەناڵەکە توانیویەتی پێگەیەکی کاریگەر و جێی متمانە لە گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی دروست بەدەستبهێنێت.

لە لێدوانێکدا بە بۆنەی یادی 11 ساڵەی دامەزراندنی کەناڵەکەوە، مۆڤسێسیان تیشکی خستە سەر گرنگیی دەستکەوتنی زانیارییەکان لە کاتی گونجاودا و گوتی: "پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی کوردستان24 دەکەم. ئەم کەناڵە توانیویەتی ببێتە بەشێکی گرنگی میدیای هەرێمی کوردستان کە هەواڵ و بۆچوونە جیاوازەکان بە وردبینی دەگەیەنێتە وەرگران. لە سەدەی بیست و یەکەمدا، بوونی میدیایەک کە لە کاتی خۆیدا هەواڵەکان بە دروستی بگوازێتەوە، کارێکی زۆر چارەنووسسازە."

cێگری کونسوڵی ئەرمینیا هاوکات سوپاسی هەماهەنگی و هاوکاریی بەردەوامی کوردستان24ـی لەگەڵ وڵاتەکەی کرد و ئەم دەزگایەی بە دەنگێکی بەرپرسیار وەسف کرد کە لە رێگەی کارە پیشەییەکانیەوە توانیویەتی ببێتە پردێک بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە مرۆیی و دیپلۆماسییەکان.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد, لە سەردەمی لێشاوی خێرای زانیارییەکاندا، گەیاندنی هەواڵی راست و هاوسەنگ لە لایەن کوردستان24ـەوە سەلمێنەری پێگە پیشەییەکەیەتی لە کایەی رۆژنامەوانیی ناوچەکەدا.