جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان پیرۆزبایی ساڵڕۆژی کوردستان24 دەکات
بە بۆنەی11یەمین ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی کوردستان24، مونا نەبی قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی، رۆژنامەنووسان، کارمەندان و سەرجەم ستافی ئەم دامەزراوە میدیاییە کرد.
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، مونا قەهوەچی لە پەیامەکەیدا جەخت دەکاتەوە، کوردستان24 لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا بە پابەندبوون بە بنەماکانی راگەیاندنی پیشەگەرانە، نیشتمانپەروەری و پێکەوەژیان، توانیویەتی ببێتە دەنگێکی کاریگەر بۆ گەیاندنی پەیامی کوردستان و خەڵکەکەی، بە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانەوە، بۆ ناوخۆ و جیهان.
جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان روونیکردەوە، رۆڵی ئەم دامەزراوەیە لە بەرزراگرتنی ناسنامەی کوردستانی، پاراستنی کولتووری پێکەوەژیان و گەیاندنی دەنگ و خواستی پێکهاتە جیاوازەکانی کوردستان جێگەی رێز و پێزانینە.
قەهوەچی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا دەستخۆشی لەو کەسانە کرد کە لە دامەزراندن، پەرەپێدان و سەرکەوتنی کوردستان24دا رۆڵیان هەبووە. هەروەها ستایشی رۆژنامەنووسان و نەوەی نوێی گەنجانی کرد کە بە پیشەگەری و بەرپرسیارییەوە درێژە بە پەیامی راگەیاندن دەدەن.
لە کۆتایی بروسکەکەیدا، قەهوەچی هیوای بەردەوامی، پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتری بۆ کوردستان24 خواست، بەو ئومێدەی هەمیشە وەک دەنگێکی بەرپرسیار و پردێکی متمانەپێکراو لە نێوان کوردستان و جیهان بمێنێتەوە.