جوان رۆژبەیانی: کوردستان24 بووەتە رەنگدانەوەی دەنگی خەڵک و پرسی نەتەوەیی
ئەمڕۆ شەممە، 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، جوان یونس رۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە یادی 11 ساڵەی دامەزراندنیدا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی کوردستان24 کرد و رۆڵی دەزگاکەی لە گواستنەوەی پیشەییانەی رووداوەکاندا بەرز نرخاند.
رۆژبەیانی ئاماژەی بەوە کردووە، کوردستان24 لە ماوەی کارکردنیدا توانیویەتی ببێتە سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی هەواڵ و زانیاری و بە ئەمانەت و پیشەییبوونەوە رووداوەکان بگوازێتەوە. هەروەها گوتی، دەزگاکە بووەتە رەنگدانەوەی دەنگی خەڵک و پرسی نەتەوەیی.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، جوان یونس رۆژبەیانی هیوای خواستووە، ساڵی نوێی کارکردنی کوردستان24 پڕ بێت لە سەرکەوتنی گەورەتر و نوێگەری لە بوارەکانی راگەیاندندا، تاوەکو بەردەوام بێت لە گەیاندنی راستییەکان و هەمیشە پێشەنگ بن.
دەزگای کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن لە 31ـی ئۆکتۆبەری 2015 لە شاری هەولێر دامەزراوە و لە کەناڵێکی تەلەڤیزیۆنی و رادیۆ و ماڵپەڕێکی دیجیتاڵی پێکدێت. دەزگاکە بە پێنج زمانی جیاواز هەواڵ و زانیارییەکان دەگوازێتەوە و ئامانجی گەیاندنی دەنگی کوردستانە بە جیهان.
ئەمڕۆ کە کوردستان24 کە ساڵڕۆژی دەستپێکردنی پەخشی خۆی دەگێڕێت؛ لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و راگەیاندنی پیشەگەرانە کاری کردووە و بووەتە پردێکی متمانەپێکراوی نێوان کوردستان و جیهان.
کوردستان 24 هەمیشە هەوڵی داوە ئاوەدانی و هیوای خەڵکی کوردستان دەربخات و پێداگری لەسەر پاراستنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و ئارامیی دەروونیی کۆمەڵگە کردووە. لە دەستپێکی 12ـەمین ساڵی تەمەنیدا، دامەزراوەکە وەبەرهێنانی زیاتر لە توانای رۆژنامەنووسانی گەنج دەکات بۆ گواستنەوەی رووداوەکان.