پێشەوا هەورامانی: کوردستان24 هەمیشە میدیایەکی سەنگین و بەرپرسیار بووە

گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دەستپێکردنی پەخش پیرۆزبایی لە دەستەی بەڕێوەبردن و تەواوی کارمەندانی کوردستان24 دەکات و ستایشی پابەندبوونی کەناڵەکە بە پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان و ئاسایشی نەتەوەیی دەکات

شەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2026، پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کوردستان24، دەستخۆشی لە کارمەندان و رۆژنامەنووسانی کەناڵەکە کرد بۆ بەردەوامییان لەسەر رێچکەیەکی پیشەییانە و رایگەیاند: هیوادارم هەمیشە بەم نەفەسە گەرموگوڕ و جددییەتەوە بەردەوام بن لەسەر ئەو شێوازە کارکردنەی هەتانبووە لە پاراستنی بەها کۆمەڵایەتییەکان، پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، و پابەندبوون بە ئێتیک و بنەما ئەخلاقییەکانی رۆژنامەوانی."

گوتەبێژی حکوومەت سەرنجی خستە سەر بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی میدیاکاران و داوای کرد بەرژەوەندیی باڵای خاک و خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت و گوتی: پەیامی ئێمە بۆ سەرجەم میدیاکان ئەوەیە کە وڵاتی خۆیان خۆش بوێت؛ با کێبڕکێی بەدەستهێنانی هەواڵ وادەرنەکەوێت کە دەست بۆ هەموو بابەتێک ببەن و رەچاوی دۆخی ئەمنی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی کوردستان نەکەن، چونکە پاراستنی ئەم نیشتمانە لە سەرووی هەموو کێبڕکێیەکی میدیاییەوەیە.

پێشەوا هەورامانی شایەتیی پیشەییبوونی بەخشییە کوردستان24 و دووپاتی کردەوە کە لەم رووەوە کوردستان24 هەمیشە میدیایەکی "سەنگین، بەرپرسیار و رێکوپێک" بووە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامی بۆ هەموو کادیر و کارمەندانی کەناڵەکە خواست.