ترەمپ: لەماوەی 10 خولەک پێگە ئەتۆمییەکانی ئێران لەناو دەبەین

سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشێکی زۆری توانای سەربازیی ئێرانی لەناوبردووە، بەڵام پێویستە مامەڵە لەگەڵ یەک یان دوو ئامانجی دیکە بکرێت، لەنێویاندا پێگەیەک کە گومانی لێ دەکرێت دامەزراوەیەکی ئەتۆمی بێت و بە چیای فاس ناسراوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، جەختیکردەوە، دانوستانەکان لەگەڵ ئێران بۆ کۆتاییهێنان بەو جەنگەی کۆتایی شوباتی رابردوو بە هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکردووە بە باشی بەڕێوەدەچێت، بەڵام دڵنیایی دا کە لایەنی بەرامبەر جێگەی متمانە نین. سەرۆکی ئەمریکا دووبارە جەختیکردەوە وڵاتەکەی پەلەی نییە بۆ هێرش، چونکە زیانی گەورەیان بە توانای سەربازی و بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گەیاندووە.

ترەمپ گوتی: "توانای ئەتۆمیی ئەوانمان لەناوبردووە. تەنیا یەک یان دوو پێگەی دیکە ماون دەبێت مامەڵەیان لەگەڵ بکەین، بەڵام دەتوانین لە ماوەی 10 خولەکدا ئەنجامی بدەین". ئەو ئاماژەی بە چیای فاس کرد کە دەکەوێتە ئیسفەهان لە دووریی نزیکەی 200 کیلۆمەتر لە باشووری تاران، لەکاتێکدا حکوومەتی ئێران هەبوونی هەر چالاکییەکی ئەتۆمی لەو شوێنە رەت دەکاتەوە.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دوێنێ شەممە رایگەیاند، ترەمپ بڕیاری هێرشی نوێی بۆ سەر ئێران نەداوە، لەکاتێکدا دانوستانەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە پەکیکەوتووە و ئەمریکا ئامادەیە بۆ چارەسەری دیپلۆماسی.

هاوکات موجتەبا خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران، هەر دوێنێ شەممە هۆشداریی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل لە هێرشی نوێ، ئەوەش دوای هەڕەشەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هێرشەکان لەدوای هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکا.

موجتەبا خامنەیی لە راگەیێندراوێکدا دوێنێ شەممە لە هەژمارە فەرمییەکەی لە تەلەگرام بڵاوکرایەوە، فەرمانی بە هێزە چەکدارەکان کرد دەستبەجێ بەبێ هیچ سنوورێکی جوگرافی وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی دوژمن بدەنەوە. موجتەبا خامنەیی گوتی، ئێران کات و شێوازی کۆتاییهێنان بە هەر هێرشێکی سەربازی یان تیرۆریستیی نوێی دوژمنان دیاری دەکات و فەرمانی نوێکردنەوەی لیستی ئامانجە سەربازییەکانی دەرکرد، بەجۆرێک هەموو سەرمایە ماددی و مەعنەوییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بکەونە بەر مەودای ئاگری هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە.

واشنتن لە کاتێکدا خۆی بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران ئامادە دەکات، بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، ترەمپ بەیانیی شەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئەنجامدا. وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئەو پەیوەندییە چەند رۆژێک دوای کۆبوونەوەی ترەمپ لە کۆشکی سپی لەگەڵ فەرماندە باڵاکانی سوپا بۆ تاوتوێکردنی بژاردەکانی دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە گەورەکان لە ناوچەکەدا بووە.

بەگوێرەی رۆژنامەکە، لەو کۆبوونەوەیەدا فەرماندەی فەرماندەییی ناوەندیی ئەمریکا و چەندین فەرماندەی دیکە ئامادە بوون و رێگاکانی مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران و دۆسیە پەیوەندیدارەکانیان تاوتوێ کردووە. ئەو راوێژکارییانە لە چوارچێوەی ئامادەکارییە سەربازییە بەرفراوانەکانی ئەمریکادان، کە زیادکردنی هێز لە ناوچەکە دەگرێتەوە، لەکاتێکدا واشنتن خەریکی دیاریکردنی دەستپێک و کۆتایی بژاردەکانیەتی پێش هەر جوڵەیەکی ئەگەری.

ترەمپ هەوڵی کۆتایی دەدات بۆ هاندانی دەنگدەرانی کۆمارییەکان پێش هەڵبژاردنی نیوەی خول، لەکاتێکدا جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاریگەریی نەرێنی لەسەر خرۆشی پارتی کۆماری دروستکردووە. راپرسییەکان دەریدەخەن بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و گازوایل کە پەیوەستە بە جەنگی ئەمریکا لە ناوچەکەدا، بووەتە بارگرانییەکی سیاسی بۆ کۆشکی سپی، لە کاتێکدا چاوەکان لەسەر سندوقەکانی دەنگدانن.