بەرپرسێکی پێشووی موساد: ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ هێرشی کتوپڕ دەکات
ئیسرائیل پلانی بۆ لەناوبردنی سەرکردایەتیی سەربازیی ئێران هەیە
عودید ئیلام، جێگری پێشووی سەرۆکی موساد بۆ ئۆپەراسیۆنە جیهانییەکان رایگەیاند، ئیسرائیل رەنگە بۆ لەناوبردنی سەرکردایەتیی سەربازیی ئێران، پەنا بۆ هێرشێکی چاوەڕواننەکراو ببات، کە هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی تەقاندنەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیی حزبوڵڵا بێت لە ساڵی 2024.
ئیلام بە نیویۆرک پۆستی راگەیاند؛ گرتنەبەری رێکاری چاوەڕواننەکراو و جووڵەی لەناکاو، بەشێکی دانەبڕاوی ستراتیژیی ئیسرائیلە. جەختیکردەوە، تەلئەڤیڤ خاوەنی کۆمەڵێک کارتی هەواڵگری و سەربازییە کە رەنگە لە قۆناخێکی داهاتوودا بەکاریان بهێنێت.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا، ئیلام چوار بەرپرسی سەربازی و ئەمنیی ئێرانی وەک ناوەندە سەرەکییەکانی دەسەڵات دیاری کرد، ئەوانیش بریتین لە ئەحمەد وەحیدی، فەرماندەی سوپای پاسداران، حسێن تائیب، فەرماندەی هێزەکانی بەسیج، عەلی عەبدولڵاهی، سەرۆکی دەستەی ئەرکانی سوپای ئێران و موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی.
بە گوتەی ئیلام، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمان و موجتەبا خامنەیی، هیچ دەسەڵاتێکی کردەییی بڕیاردانیان نییە و دەسەڵات تەنیا لە دەستی سەرکردایەتیی سەربازیدایە.
ئیلام روونیکردەوە، سەرکردە سەربازییەکانی ئێران بەربەستیان بۆ هەوڵەکانی سەرکردایەتیی سیاسی دروست کردووە بە مەبەستی گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ واشنتن، چونکە پێیان وایە داخستنی گەرووی هورمز ئەولەویەتی ستراتیژی بە تاران دەبەخشێت.
ئەو بەرپرسە پێشووە ئەوەشی خستەڕوو، ناکۆکییەکانی ناو سیستەمی ئێران بەهۆی سزاکانی ئابووری و گەمارۆی سەربازیی ئەمریکا لە زیادبووندان و جیاوازیی هەڵوێست لەنێوان سەرکردە ئێرانییەکاندا هەیە.
لای خۆیەوە جاک کین، ژەنەراڵی خانەنشینکراوی ئەمریکی رایگەیاند، پێویستە هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکردایەتیی ئێران، دامەزراوە ئەتۆمییەکان، ژێرخانی وزە و دامەزراوەکانی مووشەکی بالیستی و درۆنی ئێران بکەنە ئامانج.
چەند بەرپرسێکی پێشوو و شرۆڤەکارێکیش هۆشدارییان دا، هەر هێرشێکی نوێی ئەمریکا و ئیسرائیل، وەڵامێکی تووندی ئێرانی لێ دەکەوێتەوە کە رەنگە ژێرخانی وزە و ژێرخانی مەدەنیی وڵاتانی کەنداو و ئیسرائیلیش بکاتە ئامانج.
یەعقوب عەمیدرۆر، لیوای خانەنشینکراوی ئیسرائیلی رایگەیاند، ئەگەر ئێران دامەزراوەکانی وزەی کەنداو بکاتە ئامانج، ئەوە بیانوو بە ئیسرائیل دەدات ژێرخانی وزەی ئێران بەتەواوی لەناو ببات. ئەو لیوایە هۆشداری دا، ئەو کارە رەنگە ئێران دەیان ساڵ لە پاشکەوتووییدا بهێڵێتەوە.
عەمیدرۆر جەختیکردەوە، ئەولەویەتی ئیسرائیل هەمیشە پەکخستنی تواناکانی ئەتۆمی و مووشەکیی ئێران دەبێت، لەگەڵ ئەگەری ئامانجگرتنی سەرکردایەتیی سەربازی ئەگەر جەنگ دەستی پێکردەوە.
ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بەهۆی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ئەمریکاوە بەرەو پەرەسەندنی زیاتر دەچێت، بەتایبەت لە سایەی جووڵەی سێیەم کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆشدارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە بارودۆخەکە رەنگە بگاتە ئاستی تەقینەوەیەکی گەورە.
کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەمریکی یو ئێس ئێس تیۆدۆر رۆزڤێڵت لە پۆلی نیمیتیزەوە بەرەو ناوچەکە بەڕێکەوتووە بۆ ئەوەی پەیوەست بێت بە هەردوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری جۆرج واشنتن و جۆرج دەبلیو بۆش.
ترەمپ هەینی گوتی: "جەنگەکە زوو کۆتایی دێت." ئەو روونی نەکردەوە چۆن ئەو کارە دەکرێت، لە کاتێکدا رۆجەر مارشال، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی کۆمارییەکان پێشبینییکرد دوای چەند رۆژێک لە هەڵبژاردن جەنگەکە کۆتایی بێت و هۆشداریشی دا لە نزیکبوونەوە لە ئێران لەو ماوەیەدا.
لە بەرامبەردا کریس مێرفی، ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی دیموکراتەکان هۆشداری دا، پلانە سەربازییە ئەمریکییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکان رەنگە ببێتە هۆی پەرەسەندنێکی وێرانکەر و ئاماژەشی بە ئەگەری ئامانجگرتنی ژێرخانی مەدەنی کرد.