یەکێتیی قوتابیان و لاوانی رۆژئاوا پیرۆزبایی 11 ساڵەی کوردستان24 دەکات
بەبۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دامەزراندنی دەزگای میدیایی کوردستان24دا، ئۆفیسی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستانی – رۆژئاوا، پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و تەواوی کارمەندانی ئەو دەزگایە کرد و هیوای بەردەوامی و پێشکەوتنی زیاتری بۆ خواستن.
لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتووە، کوردستان24 لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا توانیویەتی وەک پلاتفۆرمێکی گرنگ و کاریگەری میدیایی دەربکەوێت کە دەنگی گەلی کورد و دۆزە رەواکەی بە رای گشتیی هەرێمی و نێودەوڵەتی بگەیەنێت، هاوکات بەدواداچوونی ورد بۆ ڕووداو و پێشهاتە گرنگە سیاسی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکان بکات.
ئۆفیسی سکرتاریەتی یەکێتییەکە بە بایەخەوە باسی لە رۆڵی کوردستان24 کردووە لە رووماڵکردن و گواستنەوەی چالاکییەکانیاندا و رایگەیاندووە: ئەم هەماهەنگی و گرنگیدانە رۆڵێکی گەورەی هەبووە لە ناساندنی پڕۆژە و بەرنامەکانی لاوان و قوتابیان، هەروەها لە گەیاندنی پەیامی یەکێتییەکەمان بە تەواوی گەنجان و قوتابیانی کورد.
لە کۆتایی پەیامەکەدا، وێڕای دووپاتکردنەوەی پیرۆزبایی، هیوای سەرکەوتنی گەورەتریان بۆ دەزگای کوردستان24 خواستووە لە ئایندەدا، بۆ ئەوەی بە هەمان پیشەییبوون و بەرپرسیاریێتییەوە بەردەوام بێت لەسەر ئەرکە میدیاییەکەی و هەمیشە وەک دەنگێکی بەهێز بۆ داوا و مافەکانی گەلی کورد بمێنێتەوە.