ئێران هێزی دەریایی و ئاسمانی بەریتانیای خستە لیستی تیرۆرەوە

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، گرتنەبەری چەند رێکارێکی توندی بەرپەرچدانەوەی دژ بە حکوومەتی بەریتانیای راگەیاند. بەگوێرەی بڕیارەکە، دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی بەریتانیا (ئێم ئای 6) وەک گرووپێکی دژبەر و هێزەکانی دەریایی و ئاسمانیی شاهانەی ئەو وڵاتەش وەک رێکخراوی تیرۆریستی پۆلێن کران.

ئەم هەنگاوە بە پشتبەستن بە بڕیاری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران گیراوەتەبەر. وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەم بڕیارانە لە وەڵامی هەڵوێست و جووڵە دوژمنکارانەکانی ساڵی رابردووی لەندەن دژی تارانن، بەتایبەت پێشکەشکردنی ئاسانکاری، بنکەی سەربازی و لۆجستی لەلایەن بەریتانیاوە و هەروەها بڕیاری لەندەن بۆ پۆلێنکردنی سوپای پاسداران لە چوارچێوەی یاسای هەڕەشە دەوڵەتییەکاندا.

لە بڕیارە نوێیەکەدا هاتووە، لەمەودوا دەزگای هەواڵگریی دەرەکیی بەریتانیا (ئێم ئای 6) بەپێی یاسای توندکردنی سزای سیخوڕی و هاوکاریکردن لەگەڵ نەیاران، وەک گرووپێکی دژبەر مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

هاوکات هێزی دەریاییی شاهانە و هێزی ئاسمانیی شاهانەی بەریتانیا، بەگوێرەی یاسای بەرپەرچدانەوەی هاوشێوەی ئێران، وەک رێکخراوی تیرۆریستی ناسێنران.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا جەختیکردەوە: ئەم بڕیارانە بەگوێرەی بنەما نێودەوڵەتییەکان و لە چوارچێوەی مافی مامەڵەی هاوشێوەدا دراون. تاران رایگەیاند، بەریتانیا بەرپرسی یەکەم دەبێت لە هەر دەرئەنجام و لێکەوتەیەکی ئەم گرژییانە.