لە ئەڵمانیا و فەرەنسا پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی روویدا
خۆپیشاندان لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیا گۆڕا بۆ پێکدادانی توند لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان، هاوکات لە چەند شارێکی فەرەنساش گرژیی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران پەرەی سەند.
رۆمان بۆزیک، وەزیری ناوخۆی ویلایەتی هێسنی ئەڵمانیا رایگەیاند، بەگوێرەی مەزەندە سەرەتاییەکان، لە ئاکامی ئەو ئاژاوەگێڕییانەی لە خۆپیشاندانەکەدا روویاندا، ژمارەیەک پۆلیس بریندار بوون. وەزیری ناوخۆ روونیکردەوە، ئەگەری هەیە یەکێک لە بریندارەکان برینەکەی سەخت بێت و هێزە ئەمنییەکان چاوەڕێی پشکنینی زیاتر دەکەن بۆ زانینی دۆخی تەندروستی.
بۆزیک کە ئەندامی پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحییە و فریدریش میرتس سەرۆکایەتی دەکات، روونیکردەوە پۆلیس بڕیاریدا خۆپیشاندانەکە بڵاوە پێ بکات، کە لەلایەن رێکخراوی جین زد رێجێلت بانگەشەی بۆ کرابوو.
وەزیری ناوخۆی هێسن گوتی، ئەو هۆشدارییانەی پێشتر لەبارەی ئەگەری تێکەڵبوونی کەسانی توندڕەوی چەپ لەگەڵ خۆپیشاندەران درابوو، راست دەرچوون. بەگوێرەی مەزەندەکان، نزیکەی 100 کەس لەو ئاژاوەگێڕییەدا بەشدارییان کردووە، کە هانیان بۆ توندوتیژیی چەپڕەوانە دەگەڕێتەوە و تۆمەتبارن بەوەی بە بەکارهێنانی بوتڵ، بەرد و تەقەمەنی هێرشیان کردووەتە سەر پۆلیس.
بۆزیک جەختی کردەوە پۆلیس توانیویەتی کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات. بەگوێرەی ئامارەکانی پۆلیس، ژمارەی بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە گەیشتووەتە نزیکەی 8 هەزار کەس، بەڵام رێکخەرانی خۆپیشاندانەکە ژمارەکەیان بە 9 هەزار کەس مەزەندە کردووە.
لە فەرەنساش، دوای گەیشتنی خۆپیشاندەران بە شوێنی کۆتایی خۆپیشاندانەکەیان لە پاریس، پێکدادان لە نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران روویدا. لە شارەکانی مارسیلیا و تولوز گرژییەکان پەرەیان سەند و لە شەقامەکانی پاریسیش هێزە ئەمنییەکان گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێنا.
پۆلیس رایگەیاند، دەیان کەسی دەمامکدار کە جلوبەرگی رەشیان لەبەردابوو، بە بەکارهێنانی چەکوش بەردی کۆڵانەکانیان هەڵکێشاوە و بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان بەکاریان هێناوە.
هێزە ئەمنییەکان بە تەقەکردنی گازی فرمێسکڕێژ و بەکارهێنانی دارکاری بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران وەڵامیان دایەوە. پۆلیسی پاریس روونیکردەوە، گرووپێکی سەدان کەسی لە ئاژاوەگێڕان بە بەکارهێنانی مەقزوف و بوتڵی ئاگرینی مۆلۆتۆڤ هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانیان.
پۆلیس خستیەڕوو هێزەکانیان جوڵەیان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی بۆ شەقامەکان. دەسەڵاتدارانیش رایانگەیاند، بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکە بەبێ کێشەی ئەوتۆ بەڕێوەچووە و بارهەڵگرێکی ئاوڕژێنیش لە نزیک ئەو شوێنەی بڕیار بوو خۆپیشاندانەکە تێیدا کۆتایی بێت، جێگیر کرابوو.