رابیتەی راگەیاندنکارانی عێراق پیرۆزبایی ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان24 دەکات

رابیتەی راگەیاندنکارانی عێراقی لە دەرەوە، بە بۆنەی تێپەڕبوونی 11 ساڵ بەسەر دەستپێکی پەخشی کوردستان24، پەیامێکی پیرۆزباییان ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتی و ستافی کەناڵەکە کرد و ستایشی پێگەی میدیایی کەناڵەکەیان کرد.

لە پەیامەکەدا کە بە ناوی مەحموود محەممەد قەیسی، سەرۆکی رابیتەی راگەیاندنکارانی عێراقی لە دەرەوە بڵاوکراوەتەوە هاتووە: کوردستان24 لە ماوەی کارکردنیدا توانیویەتی جێپەنجەی خۆی لە گۆڕەپانی میدیاییدا دیاری بکات. ئەمەش لە رێگەی بەدواداچوونی ورد بۆ دۆسییە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و گەیاندنی دەنگی بڕیاربەدەستان و بەستنەوەی هاووڵاتییان بە پێشهاتە گرنگەکانەوە بەدی هاتووە.

رابیتەکە روونیکردەوە، کوردستان24 رۆڵێکی دیاری هەیە لە ناساندنی پرسەکانی هەرێمی کوردستان لە ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیدا. هەروەها پەرەپێدانی توانای پیشەیی کەناڵەکە بە فاکتەرێکی گرنگ دەبینن لە هەمەڕەنگکردنی فەزای میدیایی و فراوانکردنی دیالۆگ و چەسپاندنی مافی وەرگر لە گەیشتن بە زانیارییە دروستەکان.

لە کۆتایی پەیامەکەدا، رابیتەی راگەیاندنکارانی عێراقی هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ ستافی کوردستان24 خواستووە، بە جۆرێک بتوانن هاوتەریب لەگەڵ گۆڕانکارییەکان، لە پەرەپێدانی ئاستی رۆژنامەوانی و بەهێزکردنی ئامادەییان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەردەوام بن.