بەغدا تەنیا بەشێکی کەم نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت
عێراق نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەڵام ئەو بڕەی تەرخانی کردووە تەنیا بەشی ناوچە شاخاوییەکان دەکات و بەراورد بە داواکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کەمترە لە پێویستی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەرێمی کوردستان داوای 268 ملیۆن لیتر نەوتی سپی کردووە بۆ ئەوەی هەر خێزانێک یەک بەرمیلی 200 لیتری وەربگرێت، بەڵام بەغدا تەنیا پلانی ناردنی 50 ملیۆن لیتری هەیە.
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرایکرد، بڕیارە ئەو 50 ملیۆن لیترە لەم مانگەدا بگاتە هەرێمی کوردستان. عێراق نەوتەکە بە نرخی 250 دینار بۆ هەر لیترێک بە هەرێمی کوردستان دەفرۆشێت. بە لەبەرچاوگرتنی خەرجییەکانی گواستنەوە، رەنگە هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی بە نرخی 32 هەزار دینار پێ بدرێت، یان ئەگەر 200 لیتر دابەش بکرێت، نرخەکە دوو هێندە زیاد دەبێت.
لەم بارەیەوە، ئەو بەرپرسەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونیکردەوە، نەوتەکە بە هەمان نرخی کڕین دەدرێتە هاووڵاتییان و تەنیا خەرجییەکانی گواستنەوەی بۆ زیادکراوە. داواکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرزکراوەتەوە و چاوەڕوانی واژۆی عەلی زەیدی دەکرێت تا پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتەکە دەستپێبکات.
زانیارییەکانی کوردستان24 ئاماژە بەوە دەکەن، دەستبەجێ دوای گەیشتنی نەوتەکە پرۆسەی دابەشکردن دەستپێدەکات. هاوکات بۆ بەرگرتن لە هەر کێشەیەکی سووتەمەنی لە وەرزی زستاندا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی دیراسەکردنی کڕینی نەوت لە بازاڕەکان و دابەشکردنی بە نرخێکی داشکێنراو بەسەر هاووڵاتییاندا. بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا هەنگاوی پێویست بۆ ئەم مەبەستە بنرێت.
سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ساردە و ناوچەی شاخاویی لێیە، هێشتا بەغدا وادەی دیاریکراوی بۆ ناردنی نەوتەکە رانەگەیاندووە. ئەمە لە کاتێکدایە عێراق لە سەرەتای مانگی رابردووەوە لە بەغدا، بابل، مووسڵ و ناوچەکانی دیکە دەستی بە دابەشکردنی نەوت کردووە، لە کاتێکدا لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان کەشوهەوا سارد بووە و هاووڵاتییان دەستیان بە بەکارهێنانی سۆپا و ئامێرەکانی گەرمکەرەوە کردووە.