هۆنراوەی شاعیرێکی کورد لە لەندەن دەکرێتە ئۆپێرا
سروە عەزیز، شاعیری کورد لە لەندەن، چیرۆکی ئاوارەبوونی خێزانەکەی کردووەتە دەقی ئۆپێرا. لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کوردستان24 رایگەیاند، هۆنراوەکەی بە ناوی "Mending" کە لە لەندەن لە چوارچێوەی زنجیرە گۆرانییەکی تایبەت بە پرسی پەنابەران پێشکەش کراوە، لە ئەزموونی ئاوارەبوونی خێزانەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە.
ئەو شاعیرە روونیکردەوە، داپیرەی لە تەمەنی منداڵیدا و لە کاتی سووتانی گوندەکەیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ناچار بە کۆچ بوون و سەرەتا پەنایان بۆ تورکیا بردووە و دواتر روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە. سروە عەزیز گوتی: "لەگەڵ گەورەبوونمدا، هەمیشە گوێم لە چیرۆکەکانی داپیرەم دەبوو سەبارەت بە برسییەتی، سەرما و ئەو ئەزموونە تاڵەی لە خاک هەڵکەندران".
سروە عەزیز پێیوایە ئەو چیرۆکانە لە ناخیدا ماونەتەوە و زۆر لە رەوشی ئەمڕۆی پەنابەرانەوە نزیکن، کە ژیانیان بە نادیاری و ململانێ بۆ مانەوە دەور دراوە. وەک کەسێک کە خۆیشی لە تاراوگە دەژیت، ئاماژەی بەوە کرد پێویستی زانیوە ئەم دەقە بنووسێت تا ئەو دەنگ و چیرۆکانە بگێڕێتەوە. ئەو شاعیرە ئاوارەبوونی بە ئەزموونێکی قووڵی مرۆیی وەسف کرد و هۆنراوەی وەک رێگەیەک بۆ پەڕینەوەی ئەم ئەزموونانە لە سنوورە جوگرافی، نەتەوەیی و کاتییەکان دانا.
سەبارەت بە شێوازی بەرهەمهێنانی، سروە عەزیز ئاشکرایکرد کە دەقی "Mending" سەرەتا لە گۆڤاری "the other side of hope" بڵاوکراوەتەوە. دواتر رێکخەرانی پرۆگرامی "Freedom Cries Out" پەیوەندییان بە دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکەوە کردووە تا لە رێگەی مۆسیقا و ئۆپێراوە دەنگی شاعیرانی نەتەوە جیاوازەکان یەکبخەن. لە تۆمارێکی ڤیدیۆییدا کە مێژووی 18ی حوزەیرانی 2025ی لەسەرە، سەمەنسا کراوفۆرد، گۆرانیبێژی سۆپرانۆ بە هاوڕێیەتی بێراک دایەر، پیانۆژەن لە کەنیسەی هۆڵی سێپۆلکەر لە لەندەن هۆنراوەکە دەچڕێت.
دەربارەی ئامانجی شیعرەکانی لەسەر پرسی پەنابەران، سروە عەزیز جەختی کردەوە، هۆنراوە هەمیشە ئامانجێکی دیاریکراوی لەپشتەوە نییە. ئەو گوتی: "من ئەوە دەنووسم کە هەستی پێدەکەم، بەتایبەت ئەو هەستانەی دەربڕینیان سەختە یان سەرکوتکراون". بە بڕوای سروە، لە پرسی پەنابەراندا شیعر دەتوانێت فەزایەک بخوڵقێنێت کە خەڵک تێیدا لە رێگەی مرۆڤبوونیانەوە بناسرێن، نەک تەنیا لە رێگەی ئامار و کێشمەکێشی سیاسی.
شاعیرەکە لەبارەی هەستی خۆی کاتێک شیعرەکەی بە گۆرانی بیستووە، گوتی: "لە جیهانێکدا کە رۆژ بە رۆژ بێهەستتر و لە رووی سیاسییەوە جەمسەربەندتر دەبێت، زیندووبوونەوەی شیعرێک بە دەنگی مرۆڤ مانایەکی تایبەتی هەیە. بە بڕوای من ئەم هاوبەشییە خوێن دەگەڕێنێتەوە بۆ دڵی مرۆڤایەتی". ئەو خۆشحاڵیی خۆی نیشاندا کە هۆنراوەکەی سنوورەکانی بڕیوە و دەگاتە گوێی ئەو کەسانەی رەنگە هەرگیز ئاشنای چیرۆکی خۆی و گەلەکەی نەبووبن.
هۆنراوەی "Mending" یەکێکە لە پێنج شیعری زنجیرە گۆرانی "The Names of the Earth" لەلایەن رەیمۆند یۆ، ئاوازدانەر لەسەر بنەمای چیرۆکی راستەقینەی پەنابەران ئامادەکراوە. هۆنراوەکە رەنج و کاری رۆژانەی دایکێک لە کاتی پینەکردنی گۆرەویدا بەراورد دەکات بە وێرانیی ماڵێک و ئەو زیانە گەورەیەی بەهۆی جەنگەوە روودەدات.
سروە عەزیز شاعیر و نووسەرێکی کورد و هەڵگری بڕوانامەی فولبرایتە. ماستەری لە ئەدەبی ئینگلیزی لە زانکۆی لێستەری بەریتانیا و ماستەری هونەرە جوانەکانی لە نووسینی داهێنەرانە لە زانکۆی نێبراسکا-لینکۆڵنی ئەمریکا بەدەستهێناوە. سروە پاڵێوراوی خەڵاتی پوشکارتە و خاوەنی دیوانی شیعری "Remote"ە کە ساڵی 2019 لە بەریتانیا چاپ و بڵاوکراوەتەوە، هەروەها بەرهەمەکانی لە چەندین گۆڤار و پەرتووکی نێودەوڵەتیدا بڵاوکراونەتەوە.