40%ـی پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەڕەش تەواو بووە

پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەڕەش (وێنە: راگەیاندنی پارێزگای دهۆک)
پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەڕەش (وێنە: راگەیاندنی پارێزگای دهۆک)

کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەڕەش بەردەوامە و تاوەکو ئێستا نزیکەی 40%ـی کارەکانی تەواو بووە، پێشبینیش دەکرێت لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا بکەوێتە کار.

ئەم پڕۆژەیە ئاوی پاک بۆ هەموو سنووری دەڤەری بەردەڕەش دەگوازێتەوە و کێشەی کەمئاویی 105 گوند و زیاتر لە 185 هەزار کەس بەتەواوی چارەسەر دەکات. 

ئەندازیار رێبەر نازم خورشید، بەڕێوەبەری ئاوی بەردەڕەش، بە کوردستان24ـی گوت: "ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە 900 رۆژ بوو، بەڵام پێشبینی دەکەین پێش وادەی دیاریکراو تەواو بکرێت و لە مانگی حوزەیرانی ساڵی داهاتوودا کۆتایی پێبێت."

لە چوارچێوەی قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکەدا، تۆڕی گەیاندنی ئاوی خواردنەوە بۆ 105 گوند دادەنرێت. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، کێشەی کەمئاوی لە ناوەندی قەزاکە، هەرسێ ناحیەی، رۆڤیا، دارەتوو و کەلەک و زیاتر لە 105 گوند و چوار ناوچەی گەورەی دەڤەرەکە بە یەکجاری کۆتایی دێت.

پڕۆژەی ستراتیژیی ئاوی بەردەڕەش بە گوژمەی زیاتر لە 400 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت و سەرچاوەی سەرەکیی دابینکردنی ئاوەکەی دەبێتە زێی گەورە. 

بە تەواوبوونی ئەم پڕۆژە ستراتیژییە کە توانای بەرهەمهێنانی 72,000 مەتر سێجا ئاوی لە رۆژێکدا هەیە، زیاتر لە 250 بیری ئاو لە سنوورەکە دادەخرێن، ئەمەش نەک تەنیا کێشەی بێئاوی هاووڵاتییان چارەسەر دەکات، بەڵکوو یارمەتیدەرێکی گەورە دەبێت بۆ پاراستنی یەدەگی ئاوی ژێرزەوی لە ناوچەکەدا.

پڕۆژەکە لە چەندین بەشی سەرەکی و پێشکەوتوو پێکھاتووە، وەک وەرگر بۆ وەرگرتنی ئاو لە زێ، وێستگەی پاڵاوتن بە بەکارھێنانی پێشکەوتووترین ئامێر و تەکنەلۆژیا، لەگەڵ تۆڕی دابەشکردنی ئاو.

قەزای بەردەڕەش کە دەکەوێتە نێوان پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و نەینەوا، ساڵانێکی زۆرە بەدەست کێشەی کەمئاوی و نەبوونی سەرچاوەی ئاوی جێگیرەوە دەناڵێنێت و زۆربەی ناوچەکە پشتی بە بیرە ئیرتیوازییەکان بەستووە کە ئاستی ئاویان بەردەوام دادەبەزێت.