فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەممەد حاجی مەحموود دەرچوو

محەممەد حاجی مەحموود
محەممەد حاجی مەحموود

دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد حاجی مەحموود دەرکرد. هۆکاری ئەم فەرمانەش بۆ بارەگایەکی ئەو حزبە  دەگەڕێتەوە.

ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24، رایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی چەمچەماڵ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ محەممەد حاجی مەحموود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دەرکردووە. فەرمانەکە بەپێی ماددەی 11ـی یاسای سزادانی عێراقی دەرچووە و بەهۆی سکاڵایەکەوەیە کە لەسەر ناوبراو تۆمار کراوە.

پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوە کرد، پەیوەندیی بە د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستانەوە کردووە، ئەویش پێی راگەیاندووە کە نازانن سکاڵاکە لە لایەن کێوە تۆمار کراوە، بەڵام پێدەچێت پەیوەندیی بە بارەگایەکی حزبەکەیانەوە لە شارەدێی تەکێ هەبێت.

گوتەبێژی حزبی سۆسیالیست روونی کردووەتەوە، ئەو بارەگایەی لە تەکێ هەیانە پێشتر هی حزبی بەعس بووە و ئەوان دوای رووخانی ئەو رژێمە دەستیان بەسەردا گرتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، هەر کەسێک خۆی بە میراتگری حزبی بەعس بزانێت دەتوانێت سکاڵا تۆمار بکات، دیارە ئەو کەسەشی سکاڵاکەی تۆمار کردووە خۆی بە میراتگری ئەو حزبە دەزانێت.

لەو نووسراوە فەرمییەی دادگادا کە دەست کوردستان24 کەوتووە، ئاماژە بە ناوی سکاڵاکار نەکراوە و تەنیا ئەوە خراوەتەڕوو، دوای چەندین جار ئاگادارکردنەوە، دواجار دادگا فەرمانی دەستگیرکردنەکەی دەرکردووە. گوتەبێژی حزبی سۆسیالیستیش ئەوەی روون نەکردووەتەوە ئاخۆ فەرمانەکە بەدەستیان گەیشتووە یان نا، یان ئایا محەممەد حاجی مەحموود دەستگیر دەکرێت یان نا.