ئەحمەد هۆشیار: سبەی گەشتەکانی یەکێتیی ئەوروپا لەگەڵ هەولێر دەستپێدەکەنەوە

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاشکرای دەکات، شەڕی ناوچەکە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە بە رێژەی 38%، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گەشتە نێودەوڵەتییەکان دەستیان پێکردووەتەوە و هێڵە ئاسمانییەکانی ئەوروپاش دەگەڕێنەوە. هاوکات رەخنە لە بانکی ناوەندیی عێراق دەگرێت کە بەبێ هیچ پاساوێکی فەرمی رێگری لە پێدانی دۆلاری فەرمی بە گەشتیارانی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان دەکات.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە کاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی "باسی رۆژ"ـی کوردستان24، زانیاریی وردی لەبارەی دۆخی فڕۆکەخانە، گەڕانەوەی هێڵە ئاسمانییەکان، دۆسیەی پێدانی دۆلار، ئاسایشی ئاسمانی و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان خستەڕوو.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاماژەی بەوە کرد "پێشبینیمان دەکرد لەمساڵدا زیاتر لە 2 ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێرەوە هاتوچۆ بکەن، بەڵام شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بووە هۆی داخستنی ئاسمانی عێراق بۆ ماوەی 43 رۆژ؛ دوای دەستپێکردنەوەش کاتی ویست تا هێڵە ئاسمانییەکان بگەڕێنەوە، هەروەها لە زۆر وڵاتدا گەشت بۆ عێراق قەدەخە کرا، ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی دروستکرد."

گوتیشی "لە نۆ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، ملیۆنێک و 112 هەزار و 839 گەشتیار لە فڕۆکەخانەکەمانەوە گەشتیان کردووە، لە کاتێکدا لە هەمان ماوەی ساڵی رابردوودا ملیۆنێک و 585 هەزار و 119 گەشتیار بووە، واتە گەشتەکان بە رێژەی 38.7% کەمیان کردووە و مانگانە نزیکەی 160 گەشت هەڵوەشاوەتەوە، ئەمەش زیانی بەرچاوی بە فڕۆکەخانە و کەرتی گەشتیاری گەیاندووە."

دەربارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، ئەحمەد هۆشیار دڵخۆشیی خۆی دەربڕی و رایگەیاند، هێڵی ئاسمانیی "یۆرۆوینگ"ـی ئەڵمانی وەک یەکەم هێڵی سەر بە یەکێتیی ئەورووپا گەشتەکانی بۆ هەولێر دەستپێدەکاتەوە، سەرەتا بە دوو فڕۆکە لە شتوتگارت و دوسلدۆرفەوە دەستپێدەکات و هەفتانە دەگاتە 14 گەشت، ئەمەش دەرگایەکی گەورە بۆ هێڵەکانی دیکەی ئەورووپا دەکاتەوە.

هەروەها رایگەیاند، لە 4ـی کانوونی یەکەمی داهاتوو، هێڵی ئاسمانیی نەمساوی (Austrian Airlines) گەشتەکانی بۆ هەولێر دەستپێدەکاتەوە، بەمەش لە کۆی چوار هێڵی ئەورووپی دووانیان دەگەڕێنەوە، هەوڵەکانیشمان بەردەوامن تا هەردوو هێڵی دی ئێچ ئێڵ (DHL) و هێڵی ئاسمانیی ئەجینای یۆنانی (Aegean Airlines) بە زووترین کات دەست بە گەشتەکانیان بکەنەوە."

 ئەحمەد هۆشیار تیشکی خستە سەر پرسی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران و ئاشکرای کرد، سەرەتا لە رێگەی بانکەوە بە شێوازێکی زۆر سیستەماتیک دۆلار دابەش دەکرا و لیژنەکانی پشکنینی بانکی ناوەندی ستایشی رێکخستنەکەیان کردبوو؛ بەڵام دواتر بانکی ناوەندی لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI)ـیەوە بەبێ هیچ پاساوێک پشکی فڕۆکەخانەی هەولێری راگرت، لە کاتێکدا لە فڕۆکەخانەکانی دیکەی عێراق پرۆسەکە رادەستی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو (سڕافە) کراوە.

بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر جەختیکردەوە چەندین جار نووسراومان ئاراستەی بانکی ناوەندی، وەزارەتی گواستنەوە و نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا کردووە، داوامان کرد هۆکارێکی قایلکەرمان پێ بڵێن بۆچی فڕۆکەخانەی هەولێر و جەلال تاڵەبانی بێبەش دەکرێن لە کاتێکدا گەشتیارەکان هەڵگری پاسپۆرتی عێراقین؟ بەڵام تا ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمیی نووسراویان بە ئێمە نەداوە. هەروەها لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی گواستنەوەی پەرلەمانی عێراقیش ئەو پرسەمان باسکرد و پێمان گوتن ئەم مامەڵەیە نادادپەروەرانەیە، بەڵام تا ئەم ساتە هیچ بڕیارێکی نوێ لە بەغداوە نەگەیشتووە."

سەبارەت بە رێکارە ئەمنییەکان، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێر ئاماژەی بەوە دا کە فڕۆکەخانەکە 100٪ـی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەوانی و رێکخراوی (ICAO) و (EASA)ـی جێبەجێ کردووە و یەکەم فڕۆکەخانە بووە لەسەر ئاستی عێراق مۆڵەتەکەی بەبێ هیچ سەرپێچییەک لە ساڵی 2025دا نوێ کراوەتەوە.

لەبارەی مەترسییەکان گوتی "مەترسییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە لە مەترسیی زەمینییەوە گۆڕاون بۆ مەترسیی ئاسمانی (درۆن و مووشەک). پاراستنی ئاسمانی تەواوی عێراق لە ئەستۆی فەرماندەیی هێزە ئاسمانییەکانی عێراق و حکوومەتی فیدراڵە. خۆشبەختانەفڕۆکەخانەی هەولێر بە سیستەمێکی ئەمنی و راداریی پێشکەوتوو بەڕێوەدەبرێت و لە کاتی هەر ئاڵۆزییەکدا بە تەواوی سەلامەتیی گەشتیاران و فڕۆکەکان پارێزراون."

ئەحمەد هۆشیار باسی لە خزمەتگوزارییەکانی ناو فڕۆکەخانە کرد و ئاماژەی بەوە دا، بەپێی پلانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەرگرتنی رسومات و خزمەتگوزارییەکان کراونەتە ئەلیکترۆنی (ماستەرکارت و ڤیزاکارت)، بۆ ئەو کەسانەشی کە کارتیان نییە لەناو تێرمیناڵدا بانک دابینکراوە تاوەکو هیچ ئاستەنگییەکیان بۆ دروست نەبێت.

هاوکات راشیگەیاند، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کارکردن لە پڕۆژەی گەراجی فرەنهۆمیی ئۆتۆمبێل لەناو فڕۆکەخانە بەردەوامە و لە ساڵی داهاتوودا تەواو دەبێت، بەوەش کێشەی هاتوچۆی پاسەکان و راگرتنی ئۆتۆمبێل بە یەکجاری چارەسەر دەبێت و هاووڵاتییان دەتوانن بە ئۆتۆمبێلی خۆیان راستەوخۆ تا نزیک تێرمیناڵ بێن.