پەیامنێری کوردستان24: لە کەرکووک ژمارەیەک خۆپیشاندەر دەستگیرکران
لە دوو رۆژی رابردوودا نزیکەی 25 خۆپیشاندان لە گەڕەکەکانی کەرکووک بەڕێوەچوون. خۆپیشاندانەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان بوون، دوای ئەوەی قایمقامی کەرکووک بۆ ئەم مانگە نرخی هەر ئەمپێرێکی بە 18 هەزار دینار دیاریکرد و هاووڵاتییان ئەو بڕیارەیان رەت کردەوە.
پەیامنێری کوردستان24 گوتی: لە دوو شەوی رابردوودا لە 10 گەڕەکی کەرکووک خۆپیشاندان کرا، کە تێیدا رێگاکان داخران و ئاگر کرایەوە. لە دوێنێوە چەند رێکارێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی ئەمپێر گیرانەبەر، سەرەتا قایمقام بڕیاریدا نرخەکە بۆ 15 هەزار دینار کەم بکاتەوە، بەڵام هاووڵاتییان ناڕازی بوون. دواتر ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک نرخەکەی بۆ 13 هەزار دینار دابەزاند، بەڵام هاووڵاتییان بەو نرخەش رازی نین.
خۆپیشاندانەکان تا درەنگانی شەوی رابردوو بەردەوام بوون و بەشێک لە رەوشەکە لە کۆنترۆڵی پۆلیس دەرچوو، دواتر سوپای عێراق دەستوەردانی کرد. هاوکات گرژی لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان روویدا و بەوهۆیەوە ژمارەیەک پۆلیس برینداربوون.
بەرەبەیانی سێشەممە، ژمارەیەک هاووڵاتی دەستگیر کران. پۆلیس رایگەیاند، دەستگیرکردنی ئەو هاووڵاتییانە بەهۆی گێرەشێوێنی بووە. لەلایەکی دیکەوە، خاوەن مۆلیدەکان ناڕەزایەتییان لە نرخە دیاریکراوەکان دەردەبڕن و جەختدەکەنەوە کە بەهۆی گرانبوونی نرخی گازەوە، کارکردن بەو نرخە دەبێتە هۆی زیان پێگەیشتنیان.
پەرلەمانتاران لە پەیوەندیدان لەگەڵ سەرۆکوەزیران بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە، پێشنیار کراوە لە رێگەی دابینکردنی گازی پاڵپشتیکراو یان بە خۆڕایی بۆ خاوەن مۆلیدەکان کێشەکە چارەسەر بکرێت.
شۆفێرێکی تەکسی لە کەرکووک سەبارەت بە رەوشی خۆپیشاندانەکان بە کوردستان24ـی گوت: دیمەنی ئاگرکردنەوە و تێکدانی ژینگە و دارودرەختەکان کارێکی نەگونجاوە، هەرچەندە هاووڵاتییان مافی خۆیانە داوای کەمکردنەوەی نرخی کارەبا بکەن، بەڵام پێویستە پارێزگاری لە شێوەی شارستانی شارەکە بکەن. ئێستا ئەم شارە بێ خاوەنە.
شۆفێرەکە روونیکردەوە، لە سەردەمی نەجمەدین کەریم نرخی ئەمپێری کارەبا نەدەگەیشتە 11 هەزار دینار، بۆیە داوای کرد ئەندامانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگا سەردانی بەغدا بکەن بۆ داکۆکیکردن لە مافی خەڵک. ئەو شۆفێرە جەختی کردەوە کە نابێت بە ناوی خۆپیشاندانەوە دزی و تاڵان بکرێت.