پێدانی دۆلار بەگەشتیاران زیاد کرا

بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، پشکی پێدانی دۆلاری کاش بە گەشتیاران لە 2000 بۆ 3000 دۆلار بەرز کردەوە، بڕیارەکەش لە ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026 جێبەجێ دەکرێت و هەر دوو مانگ جارێک، دەتوانرێت لێی سوودمەند بن.

بانکی ناوەندیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستیی هاووڵاتیان بە دراوی بیانی لە کاتی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، پشکی دۆلاری کاشی گەشتیاری لە 2,000 دۆلارەوە بۆ 3,000 دۆلاری ئەمریکی بەرزدەکاتەوە. ئەو بڕیارە لە سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، جێبەجێ دەکرێت.

بانکی ناوەندیی عێراق روونیکردەوە، ئەو پشکە هەر دوو مانگ جارێک دەدرێت و گەشتیار دەتوانێت لە ساڵێکدا تا 6 جار سوودی لێ ببینێت، ئەوەش بەپێی میکانیزم و رێنمایییە رێکخراوەکان دەبێت.

ئەم هەنگاوە بە ئامانجی دابینکردنی ئازادیی زیاتر بۆ گەشتیاران لە خەرجکردنی پارەکانیان و ئاسانکاری بۆ بەدەستهێنانی دراوی بیانی لە رێگەی کەناڵە فەرمییە پەسەندکراوەکانەوە نراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە یەکشەممە، 1ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر غازی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی بانکی ناوەندی لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەو بەڵگەنامەیەی لە هەندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە سەبارەت بە زیادکردنی پشکی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران، ساختەیە و هیچ بڕیارێکی لەم شێوەیە دەرنەکراوە.