فراکسیۆنی پارتی و زەیدی کۆدەبنەوە

سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، زۆربەی ئەندامانی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، تەوەری سەرەکیی ئەم کۆبوونەوەیە تایبەتە بە تاوتوێکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق.

جوتیار خدر، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەمان لەگەڵ زەیدی، جگە لە پرسی بودجە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، داوای زیادکردنی پشکی دابینکراوی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەین و کێشەی بەنزین و سووتەمەنی بە گشتی تاوتوێ دەکەین".

خدر جەختیکردەوە: "لەبارەی پرسی بودجە، سوور دەبین لەسەر پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و دیاریکردنی پشکی کوردستان بەگوێرەی ئەنجامی سەرژمێری".

ئەم سەردانەی فراکسیۆنی پارتی بۆ لای زەیدی لە کاتێکدایە، بڕیارە لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی رەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2027 کۆببێتەوە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، پێشبینی دەکرێت لە 17ـی ئەم مانگەدا رەشنووسی پڕۆژە یاساکە لە ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکرێت.