خاوەن مۆلیدەکانی کەرکووک: دیاریکردنی 18 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک کەمترین نرخی شایستەیە
نوێنەری خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی کەرکووک ڕایدەگەیەنێت، دیاریکردنی 18 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک کارەبا کەمترین نرخی شایستەیە کە بتوانێت خەرجییەکانیان دابین بکات، هاوکات هۆشداریش دەدات لەوەی ئەگەر نرخەکان رێکەنەخرێن، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەم دەکەنەوە چونکە بەو نرخەی ئێستا بۆیان دەرناکات.
سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، ئیبراهیم محەیەدین، نوێنەری خاوەن مۆلیدە ئەهلییەکانی کەرکووک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "خاوەن مۆلیدەکانی کەرکووک دیاریکردنی 18 هەزار دینار بۆ هەر ئەمپێرێک بە کەمترین نرخی شایستە دەزانن بۆ دابینکردنی خەرجییەکانیان. قبووڵ ناکەین کەس بەسەر خاوەن مۆلیدەکاندا موزایەدە بکات و کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای مۆلیدەش کەم دەکرێتەوە چونکە بەو جۆرە نرخە بۆمان دەرناکات".
نوێنەری خاوەن مۆلیدەکان بەراوردی نرخی سوتەمەنی کرد و گوتی: "موشەغیلی مۆلیدە هیچ تاوانێکی نییە کە خەڵک پەلاماری دەدەن؛ پار لەم کاتانەدا بەرمیلێک گاز بە 130 هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە 300 هەزار دینار و دەستیش ناکەوێت. لە ئێستادا هەر پێنج دەروازەکەی کەرکووک داخراون و گاز نایەت بۆ شارەکە".
ناوبراو لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی کردەوە: "ئێمەش هاووڵاتین و کوڕی ئەم خەڵکەین، بەڵام ئەو کەسە تاوانبارە کە خەڵک و بازاڕ قۆرخ دەکات".
بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی لەلایەن نوێنەری خاوەن مۆلیدەکانەوە بڵاوکراوەتەوە (بە بەرواری 3/11/2026 لە پارێزگای کەرکووک)، هاوکێشەی کارکردنی مۆلیدەکان و لێکدانەوەی تێچووی نرخەکان بەم شێوەیە پۆلێن کراوە:
- کاتی کارکردن: کارکردنی سەرجەم مۆلیدەکانی پارێزگای کەرکووک لە نێوان 320 بۆ 350 کاتژمێر بووە.
- پێویستی سوتەمەنی: کارکردنی 350 کاتژمێر پێویستی بە 46 لیتر گازە لە کاتژمێرێکدا، کە دەکاتە 16100 لیتر لە مانگێکدا بۆ هەر مۆلیدەیەک.
- گازی حکوومی: بڕی گازی حکوومی تەنیا 5000 لیتر بووە (بە نرخی 425 دینار بۆ هەر لیترێک، کە کۆی گشتییەکەی دەکاتە 2 ملیۆن و 125 هەزار دینار).
- گازی بازرگانی: بڕی 11100 لیتر گازی بازرگانی کڕدراوە (یەکسانە بە 50 بەرمیل، بە نرخی 285 هەزار دینار بۆ هەر بەرمیلێک، کە کۆی تێچووەکەی دەکاتە 14 ملیۆن و 250 هەزار دینار).
- کۆی تێچووی سوتەمەنی: کۆی گشتیی کڕینی گازی حکوومی و بازرگانی گەیشتووەتە 16 ملیۆن و 375 هەزار دینار.
خەرجییە ناوخۆیی و کارگێڕییەکان:
- مووچەی موشەغیل: 800 هەزار دینار.
- قازانجی خاوەن مۆلیدە: 1 ملیۆن دینار.
- سیانەکردن و چاککردنەوە (صيانة): 700 هەزار دینار.
- ئاو و کارەبا: 170 هەزار دینار.
- باج و کرێی ساڵانە (الضريبة والايجار السنوي).
- کۆی کۆتایی تێچوو: کۆی خەرجییەکان (2 ملیۆن و 670 هەزار دینار) بە زێدە لەسەر تێچووی سوتەمەنی (16 ملیۆن و 375 هەزار دینار)، دەکاتە 19 ملیۆن و 45 هەزار دینار. لە کاتی دابەشکردنی ئەم بڕە بەسەر 800 ئەمپێردا، نرخی واقعی و تێچووی هەر ئەمپێرێک بۆ مانگی دەیەم دەکاتە 23 هەزار و 800 دینار.