کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگای نێوان کەلار و دەربەندیخان دەکەوێتە کار

کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگای نێوان کەلار و دەربەندیخان دەکەوێتە کار و هاتوچۆی گەرمیانش دەڵێت: "رووداوی هاتوچۆ بەڕێژەی 80% کەمبووەتەوە".

لەمەودوا شۆفێرانی رێگای نێوان کەلار و دەربەندیخان پێویستە زیاتر پابەندی سنووری خێرایی بن، چونکە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی لەسەر ئەم رێگایە دەکەونە کار و هەر سەرپێچییەک تۆمار دەکرێت. 28 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لە رێگاکەدا دانراون و خێرایی دیاریکراویش 100 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.

عەقید سامان عەلی، بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان، بە کوردستان24ـی راگەیاند: رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کاتژمێر 10ـی بەیانی، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی خاڵ بۆ خاڵ لە رێگای نێوان دەربەندیخان و کەلار دەکەوێتە کار و سەرپێچییەکان تۆمار دەکرێن». داواش لە شۆفێران دەکات پابەندی خێرایی دیاریکراو بن، بۆ ئەوەی دووربن لە سزای پێبژاردنی دارایی هاتوچۆ.

بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی هاتوچۆی گەرمیان ئەوەشی خستە روو، کە درێژیی رێگای نێوان کەلار و دەربەندیخان 61 کیلۆمەترە و بە درێژایی ئەو رێگایە 28 کامێرای خاڵ بۆ خاڵ دانراون؛ بەجۆرێک لە هەر لایەکی رێگاکە 14 کامێرای جێگیر سەرپێچییەکان تۆمار دەکەن. ئاماژەی بەوەش کرد، خێرایی دیاریکراو لە رێگەکەدا 100 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا، بەڵام لە نێو ئەو گوندانەی دەکەونە سەر رێگەکە خێرایی دیاریکراو 80 کیلۆمەترە لە کاتژمێرێکدا.

سەبارەت بە شوێنە ماوەکان، عەقید سامان عەلی راگەیاند، تەنیا شەست مەترییەکەی کەلار ماوە و لە ئایندەیەکی نزیکیشدا کامێرای خاڵ بۆ خاڵ لەو رێگەیەش دادەندرێت. ناوبراو جەختیشی کردەوە، بە گوێرەی ئامارەکانیان کە سێ مانگ پێش دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ و سێ مانگ دوای دانانی کامێراکان وەرگیراون، رووداوەکانی هاتووچۆ بە رێژەی 80% کەمیان کردووەتەوە.

دانانی کامێرای خاڵ بۆ خاڵ پڕۆژەیەکی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتوچۆ و پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، هەروەها سزای سەرپێچییەکانی تیژڕۆیی لە 70 هەزار دینارەوە دەستپێدەکات تاوەکو 230 هەزار دینار.