هەردی سەڵاح وازی لە یەکێتی هێنا

هەردی سەڵاح پەرلەمانتاری کوردستان لە فراکسیۆنی یەکێتی وازی لە حزبەکەی هێنا و دەڵێت: بەهۆی بێ بەڵێنی بێ هەڵوێستی وازم لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان هێناوە و لەمەودوا وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بەردەوام دەبم.

هەردی سەڵاح ئەمڕۆ سێشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2026، لە پەڕەی تایبەتیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامی وازهێنانی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی" رایدەگەیەنم کە لەمڕۆ بە دواوە، هیچ پەیوەندییەکم بە یەكێتی نیشتمانی کوردستانەوە نەماوە و وازم لە یەکێتی هێنا".

هەروەها نووسیویەتی "بەهۆی بێ وەفایی بێ وەعدی بێ هەڵوێستی، باوەڕم نەما..."

هەر لە پەیامەکەیدا، هەردی سەڵاح پەرلەمانتاری سەربەخۆ رایگەیاندووە "لێرەدا، وەکوو پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بەردەوام دەبم و هەر شتێک لە خزمەتی کوردستان وخەڵەکەکەی دا بێت، ئەوە دەکەم".

ئەمە وێنەی پەیامەکەی وازهێنانی هەردی سەڵاحە لە یەکێتیی نیشتمانی کوردستان

هەردی سەڵاحەدین ئەحمەد، ناسراو بە هەردی سەڵاح لەدایکبوون 1981/3/1ـی شارۆچکەی رانیەیە، بەڵام دانیشتووی هەولێر، بڕوانامەی دیپلۆمی لە هونەرە جوانەکانی هەولێر بە دەستهێناوە و یەکێک بووە لە هونەرمەندە ناسراوەکانی کوردستان، دوای دابڕانی لە کاری هونەری بەر لەوەی ببێتە کاندید بکرێت بۆ پەرلەمانتاری، راوێژکاری مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بووە.

دواتر لە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە کە 20ی تشرینی یەکەمی 2024دا بەڕێوەچوو، هەردی سەڵاح بە ژمارەی 32 لە لیستی 129 لە بازنەی هەولێر کاندیدی یەکێتی بوو.