نەبیل عەریف خدر کتێبی 'بەردەکانی بناغەی هەولێر'ی بڵاوکردەوە
نەبیل عەریف خدر، نووسەر و فۆتۆگرافەر، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناونیشانی "بەردەکانی بناغەی هەولێر"، چاپ و بڵاوکردەوە.ئەو لەمبارەیەوە دەڵێت، " ئەو کتێبەم تایبەتمەندییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵە و کەسایەتییەکانی هەولێری تێدا تۆمار کراوە و چەندین وێنەی مێژوویی لەخۆدەگرێت."
سێشەممە، 3ی تشرینی دووەمی 2026، نەبیل عەریف خدر، نووسەر و فۆتۆگرافەر بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەوە شەشەمین کتێبی منە کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە و شرۆڤەکردنی سەرجەم بوارەکان و لەسەر ئاستی 35 خانەوادە و بە بەشداریی 50 کەسایەتیی شرۆڤەکار و شارەزا لە چەندین شوێنی گرنگ و ستراتیژی ئەنجام دراوه. ئەم بەرهەمە نوێیەم وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ لێکۆڵەرانی بواری کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی و مێژوویی ناوچەکە دێتە کایەوە و رەنگدانەوەی قووڵایی کولتووری ناوچەکەیە."
نەبیل خدر سەبارەت بە گرنگیی کتێبەکەی گوتی، "لە کتێبی شەشەمم دا بە تێروتەسەلی تیشکم خستۆتە سەر ئەنتیکە و سیمایە دێرینەکانی شاری هەولێر وەکو، قەڵای هەولێر، شێخی چۆلی و مزگەوتی جەلیل خەیات، هەروەها هەموو ئەو شوێنەوارە دەگمەن و مێژووییانەی کە ناسنامەی شارەکەن."
ئەو نووسەرە باسی لەوەش کرد، "من لە هەر کتێبێکم دا تیشکم خستۆتە سەر لایەنێکی جیاوازی هەولێر؛ مێژووی پارێزگارەکانی شارەکە لە یەکەم پارێزگارەوە تاوەکو کۆتا پارێزگار، جگه لە چەندین پڕۆژە و بابەتی مێژوویی گرنگی تر. هەروەها ئەو کتێبە نوێیەم تایبەتمەندییەکی تایبەتی هەیە؛ چونکە ژمارەیەکی زۆر لە بنەماڵە و کەسایەتییەکانی هەولێری تێدا تۆمار کراوە و چەندین وێنەی مێژوویی لەخۆدەگرێت."
سەبارەت بە ئەرشیفی دەگمەنی باوکی کۆچکردووی، نەبیل خدر دەڵێت، "هەروەها دەستنووس و ئەرشیفێکی دەگمەنی باوکی کۆچکردووم، کە لە ساڵی 1950دا لە گەڕەکی مستەوفی هەولێر گرتوویەتی، وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ بەرهەمهێنانی ئەم کتێبە بەکارم هێناوە و ئەم بەرهەمە نوێیەشم وەک گەنجینەیەکی مێژوویی دەوڵەمەند ئەژمار دەکرێت بۆ سەرجەم خەمخۆران و ئاشقانی مێژوو و کەلەپووری شاری هەولێر."
نەبیل عەریف خدر، نووسەر و فۆتۆگرافەر، لە ساڵی 1958 لە هەولێر لەدایکبووە. بەکالۆریۆسی لەبەشی راگەیاندنی زانکۆی بەغدا لە ساڵی 1985 بەدەستهێناوە. ناوبراو ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بووە و نزیکەی 35 پێشانگەی فۆتۆگرافی کردۆتەوە و بەشداری چەندین پێشانگەی نێودەوڵەتی کردووە.