پارتی و پێکهاتەکان داوای کاراکردنەوی پەرلەمانی کوردستان دەکەن
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنەکانی پێکهاتەی تورکمان و مەسیحییەکان لە تەلاری پەرلەمانی کوردستان ئامادەبوون و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بەجیا پەیامی فراکسیۆنەکانیان بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان راگەیاند.
ئەمڕۆ سێسەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، ڤاڵا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان لەتەلاری پەرلەمان رایگەیاند، بەگوێرەی ماددەکانى 46، 47 و 48ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ماددەکانى 11 و 14ـی پەیڕەوی ناوخۆ، هەروەها بەپێی داواکارییە فەرمییەکەی سەرۆکی تەمەن لە رێکەوتی 1ـی 12ـی 2024، پێویستە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ زەنگی کۆبوونەوەی تەواوکاریی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان لێبدرێت.
ڤاڵا فەرید گوتیشی "دوای تێپەڕبوونی پتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەم، پەرلەمان کارا نییە و نەیتوانیوە ئەرکە یاساییەکانی جێبەجێ بکات، ئەوەش بەهۆی تەواونەکردنی رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمە کە لە 2ـی 12ـی 2024 دەستیپێکرد".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی هۆشداری دا، پەکخستنی پەرلەمان پێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستانە، بۆیە داوا لە گشت پەرلەمانتاران دەکات چوارشەممە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکان بەرامبەر بە ئیرادەی دەنگدەران.
لەو چوارچێوەیەدا مونا قەهوەچی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی چاکسازیی تورکمان رایگەیاند، لەسەر بنەمای هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و جێبەجێکردنی ئەرکی یاسایی، یاداشتنامەیەکیان پێشکەشی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمان کردووە. قەهوەچی روونیکردەوە، مەبەست لەو هەنگاوە دەستپێکردنەوەی دانیشتنەکانە بۆ ئەوەی بۆشایی یاسایی نەمێنێت و داوای لە سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد چوارشەممە کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆ ئامادەی دانیشتنەکە بن.
نوێنەرانی پێکهاتەی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن لە هەولێر و دهۆکیش لە رێگەی یاداشتنامەیەکی هاوبەشەوە کە پێشکەشی سەرۆکایەتیی دیوانی پەرلەمانیان کردووە، هەمان داواکارییان خستەڕوو. جەیمس حەزدۆ، نوێنەری پێکهاتەکانئ کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن لە دهۆک و رامی نووری، نوێنەری پێکهاتەکان لە هەولێر نیگەرانیی خۆیان لە دۆخی دوو ساڵی رابردوو دەربڕی و رەخنەیان لە نەبوونی هەنگاوی کردەیی گرت.
نوێنەرانی ئەو پێکهاتانە جەختیان لەسەر رێزگرتن لە ئیرادەی دەنگدەران کردەوە و بە پشتبەستن بە ماددە یاساییەکانی هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆ، داوایان کرد چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026 کاتژمێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ، سەرجەم فراکسیۆنەکان لە هۆڵی پەرلەمان ئامادە بن بۆ درێژەدان بە دانیشتنەکە و گێڕانەوەی متمانەی هاووڵاتیان بۆ دامەزراوەی یاسادانان.