گوتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکرات: فشاری سیاسیمان لەسەرە
گوتەبێژی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بابەتەکە سەیرە، چونکە محەممەدی حاجی مەحموود لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە وەک کەسایەتییەکی گیانبەختکەر و خاوەن قوربانی ناسراوە و سەرکردە سیاسییەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان شاهێدی ئەو قارەمانیەتییەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی تشرینی دووەمی 2026، فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی پارتی سۆسیالیستی کوردستان گوتی: ئێمە چاوەڕێی ئەوەمان دەکرد دوژمنان و نەیارانمان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ محەمەدی حاجی مەحموود دەربکەن و ئەوە لامان ئاسایی بوو، بەڵام ئەوەی چاوەڕێمان نەدەکرد و لامان سەیر بوو، دەرکردنی ئەو فەرمانە بوو لەلایەن دەسەڵاتێکی کوردییەوە. ئەو دەسەڵاتەی بە خوێنی رۆڵەی ئەو سەرکردەیە و شەهیدانی پارتی سۆسیال دیموکرات و حزبەکانی دیکە بەرهەم هاتووە، ئەمڕۆ فەرمانی دەستگیرکردنی بە ناڕەوا بۆی دەردەکات.
گوتەبێژەکەی پارتی سۆسیالیستی کوردستان روونیکردەوە، ئەگەر ئەو فەرمانە لەلایەن رژێمی بەعس یان لایەنێکی دیکەوە دەربچووایە پێشبینیکراو بوو، بەڵام لەلایەن لایەنێکی کوردییەوە ئەوەیان پێ سەیرە و چاوەڕێیان نەدەکرد.
فەرهاد لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختیکردەوە، بابەتەکە سیاسییە و پارتی سۆسیال دیموکرات پارتێکی شۆڕشگێڕە. لە ساڵی 1991ـەوە و پاش ئازادکردنی هەرێمی کوردستان، کۆمەڵێک باڵەخانە کە لەژێر دەستی رژێمی بەعسدا بوون، دەستیان بەسەردا گیرا و ئێستا بارەگاکانی پارتی سۆسیال دیموکراتی تێدایە.