هەردی سەڵاح: پابەندی ئەو سوێندەین کە لە پێناو بەرژەوەندیی باڵای خەڵکدا خواردوومانە

پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پەکخستن و چەقبەستوویی پەرلەمان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، و وەک ئەرکێکی نیشتمانی و لەسەر بنەمای ئەو سوێندە یاساییەی خواردوویەتی، بەشداری لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، هەردی سەڵاح، پەرلەمانتاری سەربەخۆ  روونیکردەوە، نوێنەرایەتیکردنی خەڵک و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی خاک و نیشتمان لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە. هەردی سەڵاح گوتی: "بە گوێرەی لێدوانی هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان، لەکارخستنی پەرلەمان مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر قەوارەی هەرێم. ئێمە وەک نوێنەرانی گەل هاتووین گرفتەکانی خەڵک چارەسەر بکەین، بۆیە ئەمڕۆ بە شانازییەوە وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ بەشداریم لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا کردووە."

ئەو پەرلەمانتارە سەربەخۆیە هۆشداری دا لە لێکەوتەی ناکۆکییە سیاسییەکانی ناوخۆی هەرێم و رایگەیاند، بەهۆی ئینکاری و ململانێ سیاسییەکانەوە، خەریکە بەهانە دەدرێتە دەست بەغدا بۆ ئەوەی لەجیاتی ئێمە بڕیار لەسەر چارەنووسمان بدات. ئەمە لە رووی نەتەوەیی و دەستوورییەوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و دەبێت خۆمان بڕیار لە کاروباری خۆمان بدەین.

سەڵاح جەختیکردەوە، پەرلەمان تاکە شوێنی شەرعییە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکان. هەردی سەڵاح لە پەیامێکدا بۆ لایەنە سیاسییەکان گوتی: "هەر هێزێکی سیاسی هەر هەڵوێستێکی هەیە با بێت لەناو پەرلەماندا باسی بکات؛ ململانێی سیاسی، پێکهاتن، لێپرسینەوە لە حکوومەت و هەموارکردن و دەرکردنی یاساکان دەبێت لەناو ئەم هۆڵەدا بکرێن. لەکارخستنی پەرلەمان و کۆبوونەوە لە دەرەوەی، بێڕێزییە بە دامەزراوەی شەرعی و دەنگی خەڵک."

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەڵاح هیواخوازی خۆی دەربڕی کە لەم خولەی پەرلەماندا دەستووری هەرێمی کوردستان بنووسرێتەوە، بە جۆرێک بەندێکی تایبەتی تێدا جێگیر بکرێت کە رێگە لە هەر هێز و لایەنێکی سیاسی بگرێت لە داهاتوودا پەرلەمان پەکبخات یان ببێتە رێگر لەبەردەم کارەکانیدا.