بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئەمریکا؛ ئافرەتێکی رەشپێست پۆستی پارێزگاری ویلایەتێک بەدەستدەهێنێت

دیموکراتەکان سەروەریی 24 ساڵەی کۆمارییەکان لە جۆرجیا تێکدەشکێنن؛ کیشا لانس بۆتومز بووە یەکەم ئافرەتی رەشپێست لە مێژووی ئەمریکادا کە وەک پارێزگاری ویلایەتێک هەڵبژێردرێت.

لە یەکێک لە گەورەترین سوپرایزەکانی هەڵبژاردنی نیوەی خولی ساڵی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کیشا لانس بۆتومزی کاندیدی پارتی دیموکرات توانی سەرکەوتنێکی مێژوویی تۆمار بکات و ببێتە یەکەم ئافرەتی رەشپێست لە مێژووی ئەمریکادا کە وەک پارێزگاری ویلایەتێک هەڵبژێردرێت، دوای ئەوەی لە کێبڕکێی پارێزگاری ویلایەتی جۆرجیا بەسەر ریک جاکسۆنی ملیاردێری کۆماری سەرقەوت.

سەرکەوتنی بۆتومز تەنیا تۆمارکردنی پێشینەیەک نەبوو لە نوێنەرایەتیکردنی سیاسیی ژنانی رەشپێستدا، بەڵکو کۆتایی بە دەسەڵاتی 24 ساڵەی کۆمارییەکان هێنا لە پۆستی پارێزگاری جۆرجیا، کە لە ساڵانی دواییدا ببووە یەکێک لە گرنگترین گۆڕەپانەکانی ململانێی نێوان هەردوو پارتی دیموکرات و کۆماری.

بۆتومز توانی ئەم سەرکەوتنە بەدەستبهێنێت رەنگە رکابەرەکەی تەواوی توانای دارایی خۆی بەکارهێنابێت؛ جاکسۆن زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلاری لە سەروەتی تایبەتی خۆی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی خەرج کردبوو بە پاڵپشتیی راستەوخۆی سەرۆک دوناڵد ترەمپ. بۆتومز دەبێتە شوێنگرەوەی بڕاین کێمپی پارێزگاری کۆماری کە بەهۆی رێکارە یاساییەکانەوە نەیدەتوانی بۆ خولی سێیەم خۆی بەرژێر بکات، بەمەش دەبێتە یەکەم ژن لە مێژووی جۆرجیادا کە ئەم پۆستە وەربگرێت.

کیشا لانس بۆتومز کییە؟

بۆتومز تەمەنی 56 ساڵە، پارێزەر و سیاسەتمەدارێکی دیموکراتە کە لە ویلایەتی جۆرجیا لەدایکبووە و گەورە بووە. رەچەڵەکی خێزانەکەی لەم ویلایەتەدا بۆ پێنج نەوە دەگەڕێتەوە، تا دەگاتەوە بەو باپیرانەی لە سایەی کۆیلایەتیدا لە کێڵگەکانی ویلایەتەکەدا ژیاون. کچی گۆرانیبێژی کۆچکردووی ئەمریکی مەیجۆر لانسە، کە یەکێک بوو لە ناوە دیارەکانی مۆسیقای سوڵ، ریتم و بلوز.

ناوبراو بەشی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی فلۆریدا بۆ کشتوکاڵ و میکانیک خوێندووە، پاشان بڕوانامەی یاسای لە زانکۆی ویلایەتی جۆرجیا بەدەستهێناوە. پێش ئەوەی بێتە ناو کاری گشتییەوە، وەک پارێزەر کاری کردووە و پاشان پۆستی دادوەری و ئەندامی ئەنجوومەنی شاری ئەتلانتای لە نێوان ساڵانی 2010 تا 2017 بینیوە، بەرلەوەی وەک سەرۆکی شارەوانیی ئەتلانتا هەڵبژێردرێت.

بۆتومز لە سەرەتای ساڵی 2018دا پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ئەتلانتای وەرگرت و تا کانوونی دووەمی 2022 بەردەوام بوو. ئەم سەردەمە رووبەڕووی ئاڵنگاریی بەهێز بووەوە، لەوانە پەتای کۆرۆنا و خۆپیشاندانە فراوانەکانی دوای کوژرانی جۆرج فلۆید لە ساڵی 2020. لەو قۆناخەدا ناوەکەی لەسەر ئاستی نیشتمانی درەوشایەوە، بەتایبەت لە بەشدارییەکانیدا لە گفتوگۆکانی تایبەت بە دادپەروەریی رەگەزی و چاکسازیی پۆلیس.

دوای بەجێهێشتنی سەرۆکایەتیی شارەوانی، رووی لە ئیدارەی جۆ بایدن سەرۆکی پێشوو کرد و وەک راوێژکاری باڵای سەرۆکایەتی و بەڕێوەبەری نووسینگەی پەیوەندییە گشتییەکان لە کۆشکی سپی کاری کرد، کە ئەزموونێکی بەرفراوانی لە مامەڵەکردن لەگەڵ دامەزراوە فیدراڵییەکاندا پێبەخشی.

بۆتومز بە بەرنامەیەک چووە نێو هەڵبژاردنەکانەوە کە تەرکیزی لەسەر چاککردنی گوزەرانی خێزانەکان، کەمکردنەوەی تێچووی ژیان، فراوانکردنی خزمەتگوزارییەکانی چاودێریی تەندروستی و بەرزکردنەوەی کەمترین ئاستی مووچە بوو. بەڵێنیدا بەرنامەی دڵنیایی تەندروستیی حکوومی "میدیکید" فراوان بکات و کەمترین ئاستی مووچەی کاتژمێریی بۆ 15 دۆلار بەرز بکاتەوە.

لە بەرامبەردا، ریک جاکسۆنی رکابەرە کۆمارییەکەی سەرنجی لەسەر کەمکردنەوەی باج و بەهێزکردنی ئاسایش کردبووەوە. بۆتومز سوودی لە پشتیوانیی کەسایەتییە دیارەکانی دیموکراتەکان بینی، لەوانە باراک ئۆباما و جۆ بایدنی سەرۆکەکانی پێشوو، بەو جۆرەش توانی سەرکەوتنێک بەدەستبهێنێت کە کاریگەرییەکەی لە سنووری جۆرجیا تێدەپەڕێت.

سەرڕای ئەم سەرکەوتنە مێژوویییە، پارێزگارە نوێیەکە لەگەڵ دەستبەکاربوونی رووبەڕووی ئاڵنگاریی سیاسیی گەورە دەبێتەوە، بەهۆی ئەگەری بەردەوامیی کۆنتڕۆڵی کۆمارییەکان بەسەر ئەنجوومەنی یاسادانانی ویلایەتەکەدا، کە رەنگە جێبەجێکردنی بەشە سەرەکییەکانی بەرنامەکەی ئاڵۆز بکات.