هەڕەشەی کوشتن لە رۆژنامەنووسێکی دیاری ئیسپانی دەکرێت
جۆزێ فێلیکس دیاز رۆژنامەنوسی دیاری ئیسپانی و سەرنوسەری رۆژنامەی وەرزشی ئاسی ئیسپانی ئاشکرای دەکات، لەلایەن کەسانی نەناسراو هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، ئەویش بەهۆی دەنگنەدان بە لامین یامال لە رێورەسمی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2026.
سەرنووسەری ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانی ئاشکرای دەکات کە هەڕەشەی کوشتن و شەپۆلێکی سووکایەتی بەرامبەری دەست پێکراوە، ئەویش بەهۆی هەڵبژاردنەکانی لە دەنگدانی خەڵاتی باڵۆن دۆری 2026، لەبەر ئەوەی دەنگی یەکەمی بۆ کیلیان ئێمباپێ هێرشبەری فەڕەنسی یانەی ریاڵ مەدرید بووە و دەنگی بە لامین یامال ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا نەداوە.
دیاز لە بەرنامەی ئێل چیرینگویتۆ وردەکارییەکانی ئاشکرا کرد و ڕوونیشیکردەوە، کاردانەوەکانی دەنگدانەکەی لە بازنەی ناکۆکییەکی وەرزشی تێپەڕیوە بۆ هەڕەشە و هەراسانکردن کە کاریگەری لەسەر کەسانی نزیکی هەبووە و وایکردووە نیگەرانی کەسانی دەوروبەریشی بێت. ڕۆژنامەنووسە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، ئاگاداری ئەوە بووە کە ناکۆکی لەسەر هەڵبژاردنەکانی دروست دەبێت، بەڵام دژی ئەوە بووە کە پێشبڕکێیەکی وەرزشی بکرێتە پاساوێک بۆ هێرشکردن و هەڕەشەکردن.
ئەو رۆژنامەنوسە ئیسپانیە ڕەخنەی لەو کەسانە گرت کە نیشتمانپەروەری بە پابەندبوون بە دەنگدان بە یاریزانێکی نەتەوەیی خۆیان دەبەستنەوە، هەروەها دیاز هەرگیز پێشبینی ئەوەی نەدەکرد دۆخەکە تا ئەم ئاستە پەرەبستێنێت. ئاماژەی بەوەشکرد ڕووبەڕووی هەوڵی لەکەدارکردنی خۆی و هاندانی کەسانی دیکە بووەتەوە دژی ئەو، سەرەڕای ئەوەی لە لیستی هەڵبژاردنەکانیدا چوار یاریزانی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەخۆدەگرت، ئێمباپێ لە پلەی یەکەم و لامین یامال لە پلەی دووەم بووە.