سەرۆک بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان

سەرۆک بارزانی: کاراکردنەوەی پەرلەمان لە دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی کاراکرانەوەی پەرلەمانی کوردستان پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات و دەڵێت: کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لە دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت".

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا دەڵێت" بەبۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەم".

هەر لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی دا هاتووە "دوای دوو ساڵ تێپەڕبوون بەسەر هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان خۆشبەختانە توانرا پەرلەمانی کوردستان کارا بکرێتەوە. لێرەدا سوپاسی هەموو ئەو پەرلەمانتارانە دەکەم کە هەڵوێستیان هەبوو و بە ئەرکی یاسایی و نیشتیمانی خۆیان هەستان و ئەم دامەزراوە دەستوورییەی هەرێمیان کارا کردەوە".

سەرۆک بارزانی جەخت دەکاتەوە "کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکە بە ئاراستەی پاراستن و بەهێزکردنی هەرێمی کوردستان و لەدژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و بە دڵنیاییەوە لە خزمەتی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و پڕۆسەی سیاسیدا دەبێت".

هەروەها رایگەیاندووە "ئێستا کە پەرلەمان دەستی بەکارەکانی کردووە، داوا لە هەموو ئەو لایەنە بەڕێزانە دەکەم کە بەشداری ئەو پڕۆسەیە نەبوون، ئەوانیش بەشداریی بکەن و پێکەوە لەپێناو خزمەتکردنی گەلی کوردستان و هەنگاوەکانی تر هاوکار و یارمەتیدەری پڕۆسەی سیاسی بن".

دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ کە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان یەکەم دانیشتنی لە 2024/12/02 بەڕێوەبرد، دانیشتنەکە بە کراوەیی مایەوە، دواجار ئەمڕۆ چوارشەممە 4ـی تشرینی دووەمی 2026، بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار، دانیشتنی دووەمی پەرلەمانی بەڕێوەچوو و سەرۆک و جێگری سەرۆک و سکرتێری پەرلەمان هەڵبژێردران؛ دواتر ڤالا فەرید سەرۆکی پەرلەمان بەر لە کۆتایی پێهێنانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بن، هەروەها داوایەکی دیکەی لە فراکسیۆنەکان ئەوە بوو، تاوەکوو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ناوی کاندیدەکانیان بۆ دانانی لیژنەکانی پەرلەمان پێشکەش بکەن، بە تایبەت لیژنەی یاسایی.