گوتەبێژی پارتی: کاراکردنەوەی پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگ بوو لە پێناو پاراستنی کوردستان

لە راگەیەندراوێکدا گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند؛ پەرلەمانى کوردستان بە ئامادەبوونى زۆرینەى پەرلەمانتاران، درێژەى بە کۆبوونەوەى یەکەمى خۆیدا و لە پرۆسەیەکى یاسایى و دیموکراتیدا دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى هەڵبژارد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، مەحموود محەمەد گوتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستان، وێڕاى پیرۆزباییمان لە هەموو کوردستانیان، پیرۆزبایى لە سەرۆکى پەرلەمان و جێگر و سکرتێرى پەرلەمان دەکەین و لەم ئەرکە نیشتمانییەیاندا هیواى سەرکەتنیان بۆ دەخوازین. ئەمە هەنگاوێکى درەنگوەخت بەڵام پێویست بوو لەپێناو پاراستنى قەوارەى دەستووریى هەرێمى کوردستان. بەداخەوە دوو ساڵە بەهۆى بڕیارى سیاسیى سەرکردایەتى یەکێتیى نیشتمانی و نەوەى نوێ ئەم دامەزراوە شەرعییەى هەرێم کە نوێنەرایەتى دەنگ و ئیرادەى خەڵک دەکات پەک خرابوو.

ئەمڕۆ زۆرینەى پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنەکان، بە هەستکردنیان بەرامبەر بە ئەرکى نیشتمانیان و رێزگرتن لە دەنگى خەڵک و پابەندییان بە سوێندى یاسایی، پرۆسەى دیموکراسییان سەرخست و کۆتاییان بەو بۆشاییە یاساییە و خۆسەپاندنى کەمینەیەکى سیاسى هێنا. ئەمەش سەرەڕاى ئەوەى کە هەڕەشەى زۆر لە هەندێ پەرلەمانتار و کەسوکارییان کراوە، کە ئەمە ئاماژەیەکى مەترسیدارە و هەڕەشەیە لە دیموکراسى و ئیرادەى خەڵک و دەربڕى عەقڵیەتێکە کە خزمەت بە دیموکراتیزەکردنى بوارەکانى ژیانى کۆمەڵگاى کوردستان ناکات.

هیوادارین هەموو لایەک رێز لە ویست و ئیرادەى خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسیی بگرن. پەرلەمانى کوردستان شوێنى راستەقینەى دانوستانى سیاسى و یاساییە و فاکتەرى یەکڕیزى و یەکگرتنى ناوخۆى کوردستانە. کارابوونەوەى پەرلەمان دژى هیچ کەس و لایەنێک نییە و دەرگا کراوەیە بۆ هەموو لایەک و ئومێدەوارین دوابەدواى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان، فراکسیۆنى لایەنەکانى دیکەش بڕیارى ئەرێنى بدەن و بەشداربن لە پاراستنى شەرعیەت و قەوارەى هەرێمى کوردستان، هەروەها ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەر بۆ هەڵگرتنى بەرپرسیاریەتى هاوبەش لە بەرەوپێشبردنى هەرێمى کوردستان لەم قۆناخە هەستیارەدا و لێکنزیک کردنەوەى هەموو بۆچوونەکان بۆ خزمەتى خەڵک و ئایندەى کوردستان.