پارتی: کاراکردنەوەی پەرلەمان زامنی سەروەریی یاسا و پێکەوەژیانە

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، پیرۆزبایی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کرد و ئەو هەنگاوەی بە وەرچەرخانێکی چارەنووسساز بۆ بەهێزکردنی بنەماکانی دیموکراسی و سەروەریی یاسا لە قەڵەم دا.

چوارشەممە، 4ـی تشرینی دووەمی 2026، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، لە راگەیەنراوێکدا، بە بۆنەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان و تەواوی پێکهاتە جیاوازەکان کرد.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان دوای تێپەڕبوونی بە قۆناخێکی هەستیاردا، لە پاڵ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەماندا، هەنگاوێکی ستراتیژی و گرنگە بەرەو تۆکمەکردنی کۆڵەکەکانی دیموکراسی، چەسپاندنی سەروەریی یاسا و قووڵکردنەوەی بەهاکانی پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە هەرێمی کوردستاندا.

فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاماژەی بە پێگەی باڵای پەرلەمان کردووە و رایگەیاندووە: پەرلەمانی کوردستان وەک باڵاترین مەرجەعی یاسادانان و چاودێری، هەمیشە ماڵی راستەقینەی هاووڵاتییان و ئاوێنەی بێگەردی دەنگ و ئیرادەی نیشتمانیی سەرجەم چین و توێژەکان بووە.

هەروەها روون کراوەتەوە، کە گەڕانەوەی چالاکی بۆ ئەم دامەزراوە دەستوورییە و هەڵبژاردنی سەرۆکایەتییە نوێیەکەی، هەلێکی زێڕین بۆ چەسپاندنی یەکڕیزیی نیشتمانی و پەسەندکردنی یاسای هاوچەرخ و دادپەروەرانە دەڕەخسێنێت، هاوکات کەشێکی لەبار دروست دەکات بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکوومەت، کە لە ئاست داخوازی و چاوەڕوانییەکانی هاووڵاتییاندا بێت و لە رێگەی چاودێرییەکی کاریگەرەوە، تواناکان بۆ خزمەتکردنی زیاتری خەڵک تەرخان بکرێن.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، هیوای خواستووە کە دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمانی کوردستان، بە گیانێکی نیشتمانی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی قۆناخەکە، لە نزیکەوە بەدەم کێشە و داواکارییەکانی هاووڵاتییانەوە بچن و رۆڵێکی بەرچاو بگێڕن لە بەرقەرارکردنی ئارامی، سەقامگیریی سیاسی و گەشەپێدانی بەردەوام لە سەرانسەری هەرێمی کوردستاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار، کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان هەڵبژێردران.

لای خۆیەوە ڤالا فەرید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، پەیامێکی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان کرد بۆ ئەوەی بەشداری لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بن، هەروەها داوایەکی دیکەی لە فراکسیۆنەکان کرد، تاوەکوو دووشەممەی هەفتەی داهاتوو ناوی کاندیدەکانیان بۆ دانانی لیژنەکانی پەرلەمان پێشکەش بکەن، بە تایبەت لیژنەی یاسایی.