سەرۆکی حکوومەت رێگای (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل) دەکاتەوە
بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی (کۆڕێ – شەقڵاوە – قەندیل) و هەردوو تونێلی میراوە و ماوەران، بە فەرمی بەڕووی هاووڵاتییان و شۆفێراندا بکاتەوە.
لە چوارچێوەی بایەخدانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کەرتی رێگەوبان و ئاوەدانکردنەوە، کارکردن لە پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی کۆڕێ - شەقڵاوە - قەندیل بەردەوامە. ئەم پڕۆژەیە بە یەکێک لە گرنگترین پەرەپێدانەکانی ژێرخانی ناوچەکە دەژمێردرێت و لەلایەن کرێکارانی خۆجێییەوە بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ دەکرێت.
رێگەکە بە درێژایی 10 کیلۆمەتر و بە شێوازی دووساید دروست دەکرێت. بەمەبەستی ئاسانکردنی هاتوچۆ و کەمکردنەوەی قەرەباڵخی، سێ یەکتربڕی مۆدێرن لەسەر رێگەکە دروست دەکرێن.
بەشێکی سەرەکی پڕۆژەکە دروستکردنی تونێلەکانی میراوە و مەوارانە، کە بە بەکارهێنانی تەکنیکە ئەندازیارییە پێشکەوتووەکان و لەسەر بنەمای ستانداردە نێودەوڵەتییەکان پەرەیان پێ دەدرێت. ئێستا یەکێک لە سایدەکانی رێگەکە بەتەواوی کۆتایی هاتووە و کارکردن لە سایدەکەی دیکە بە خێرایی بەردەوامە.
پڕۆژەکە بە بەرزترین ستانداردی ئەندازیاریی جیهانی و لەلایەن ئەندازیارانی ناوخۆوە جێبەجێ دەکرێت. ئەمەش نیشانەی گەشەسەندنی توانای ناوخۆییە لە بەڕێوەبردنی پڕۆژە گەورەکاندا.
تەواوبوونی ئەم رێگەیە، جگە لە کەمکردنەوەی جەنجاڵی و رووداوەکانی هاتوچۆ، وەک دەروازەیەکی نوێ و گرنگی بازرگانی و گەشتیاری بۆ هەولێر و هەرێمی کوردستان دەبێت.
بۆ جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە بودجەی 90 ملیار دینار تەرخان کراوە. بەهۆی خێرایی لە کارکردن و پابەندبوونی تەواو بە خشتەی کاتی پڕۆژەکە، پێشبینی دەکرێت پێش وادەی دیاریکراو تەواو بێت، ئەمەش سوودێکی زۆر بە دانیشتووان و گەشتیاران دەگەیەنێت.
جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بە شارەزایی خۆجێیی، جەخت لەسەر پابەندیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی توانای ناوخۆیی و پاڵپشتیکردنی کۆمپانیا خۆجێییەکان لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی ژێرخاندا دەکاتەوە.