لە دهۆک ئامادەکاری بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو  دەکرێت

دیمەنێکی شاری دهۆک (وێنە: کوردستان24)
دیمەنێکی شاری دهۆک (وێنە: کوردستان24)

قائیمقامی دهۆک رایدەگەیەنێت، بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان و رێگریکردن لە دروستبوونی لافاو سەرجەم ئامادەکارییەکانی وەرزی زستان کراون. هاوکات بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی پارێزگاکەش باسی لەوە کرد، چەندین پڕۆژەی گرنگ بۆ رێگریکردن لە کۆبوونەوەی ئاو جێبەجێ کراون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 03ـی تشرینی دووەمی 2026، بریندار حەیدەر، قائیمقامی قەزای دهۆک بە کوردستان24ـی رایگەیاند، وەک قائیمقامیەتی قەزای دهۆک بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای دهۆک و بەڕێوەبەرایەتییە پەیوەندیدارەکان، هەموو رێکار و ئامادەکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی سەختییەکانی وەرزی زستان بە کەمترین زیان تێپەڕێنن.

قائیمقامی دهۆک ئاماژەی بەوە دا، پڕۆسەی پاککردنەوەی قەراغی شەقامەکان و ئەو دۆڵانەی لە وەرزی زستاندا ئاستی ئاوییان بەرز دەبێتەوە بەردەوامە. سەرۆکایەتیی شارەوانیی دهۆک و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆکانیش ئامادەن بۆ پاککردنەوەی ئاوەڕۆکان و بەتایبەت رووباری هشکەڕۆ.

 هەروەها جەختی لە پشتیوانیی بەردەوامی پارێزگاری دهۆک کردەوە و باسی لەوە کرد، هەماهەنگییەکی زۆر باش لە نێوان سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سنووری قەزاکەدا هەیە.

لەلایەکی دیکەوە ئەندازیار یونس جانۆ، بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی پارێزگای دهۆک بە کوردستان24ـی رایگەیاند، کۆمەڵێک تیم لە نێو شاردا ئامادە کراون بۆ چاککردنەوەی ئاوەڕۆکان و چارەسەرکردنی کێشەکانی زستانی رابردوو. هەروەها رووباری هشکەڕۆ لەلایەن شارەوانییەوە پاکدەکرێتەوە.

بەڕێوەبەری ئاوەڕۆی دهۆک ئەوەی خستەڕوو، ئەمساڵ چەندین پڕۆژەی بچووک لەسەر پێشینەی مانگانە لە نێو سەنتەری دهۆک و قەزاکانی پارێزگاکە بە گوژمەی نزیکەی 480 ملیۆن دینار دروست کراون. هەروەها پڕۆژەیەکی دیکەی ئاوەڕۆ لە مالتای خواروو بە درێژیی 840 مەتر بە پاڵپشتیی دارایی رێکخراوی کاری نێودەوڵەتی و وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا بە بڕی 840 ملیۆن دینار جێبەجێ کراوە. 

روونیشی کردەوە، کێشەی ئاوەڕۆی چوارڕیانی ئێتیت بە بڕی 34 ملیۆن دینار لەسەر بودجەی پارێزگا چارەسەر کراوە و ئەمەش هۆکارێک دەبێت بۆ ئەوەی زستانێکی بێ کێشە و کەم زیان بەڕێ بکەن.

شاری دهۆک لە چەند ساڵی رابردوودا بەتایبەتی لە مانگی ئاداری ساڵی 2024 تووشی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و دروستبوونی لافاو بووەوە. بەهۆی ئەو لافاوەوە چەندین کەس گیانیان لەدەستدا و زیانێکی زۆری ماددیش بەر ماڵ و موڵک، هەروەها ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان کەوت.