هۆشدارییەکی پزیشکیی؛ 5 خووی بەیانیان مەترسی لەسەر تەندروستیی دڵ دروست دەکەن

پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ، هۆشداریی دەدات لەوەی پەیڕەوکردنی پێنج هەڵسوکەوت و خووی باوی بەیانیان، بە تایبەت لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەخەبەرهاتندا، بارگرانییەکی زۆر لەسەر دڵ و لوولەکانی خوێن دروست دەکات و ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.

پێنجشەممە، 5ـی تشرینی دووەمی 2026، دکتۆر سانجای بۆجراج، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن،  کە خاوەنی زیاتر لە 20 ساڵ ئەزموونە لە چارەسەرکردنی جەڵتەی دڵدا، لە لێدوانێکیدا بۆ تۆڕی (CNBC)ـی ئەمریکی روونی کردەوە، کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانی جەستە رووبەڕووی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی بایۆلۆجیی سروشتی دەبێتەوە، لەوانە: بەرزبوونەوەی ئاستی هۆڕمۆنی کۆرتیزۆڵ و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، لەگەڵ گۆڕانی شێوازی لێدانی دڵ، چونکە جەستە لە قۆناخی پشووەوە دەگوازرێتەوە بۆ قۆناخی چالاکی.

ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بەوەش کرد، توێژینەوە پزیشکییەکان دەریانخستووە کە رێژەی کێشەکانی دڵ لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانیدا بەرزترە، تەنانەت شیکارییە زانستییەکان ئاماژە بە زیادبوونی حاڵەتەکانی جەڵتەی دڵ و مردنی لەناکاو لە کاتی بەیانیاندا دەکەن.

ئەو پێنج خووەی کە پزیشکەکە هۆشداری لە ئەنجامدانیان داوە، بریتین لە:

خواردنەوەی قاوەی شیرینکراو لەگەڵ بەخەبەرهاتندا: بەهۆی هەبوونی بڕێکی زۆر لە شەکر، دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی کتوپڕی شەکری خوێن و دەردانی زیاتری ئەنسۆلین، ئەمەش بە تێپەڕبوونی کات پەستانی مێتابۆلیزم زیاد دەکات و هەستی تێربوونیش نابەخشێت.

خواردنی شیرینی و هەویرەمەنییەکان لە ژەمی بەیانیدا: وەک کڕۆسان و کێک لەسەر گەدەی بەتاڵ، چونکە کاربۆهیدراتی پاڵاوتە و چەوریی تێریان زۆرە و ریشاڵ و پرۆتینیان کەمە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی خێرای ئاستی شەکری خوێن.

بەکارهێنانی رۆژانەی گۆشتی دەستکاریکراو (پڕۆسێسکراو): وەک سۆسج و گۆشتی دووکەڵکێشراو، بەهۆی بوونی رێژەیەکی بەرزی سۆدیۆم، چەوریی تێر و ماددەی پارێزەری وەک "نیترات"، کە بەکارهێنانی بەردەوامیان مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ زیاتر دەکات. پزیشکەکە جەختی لەوە کردەوە کە مەترسییەکە لە خواردنی ڕۆژانەدایە نەک کات بە کات.

خواردنەوە وزەبەخشەکان: بەهۆی بوونی بڕێکی زۆر لە کافایین، شەکر و ماددەی هاندەر، دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی لەناکاوی پەستانی خوێن، تێکچوونی ریتمی لێدانی دڵ و خێرا لێدانی، بە تایبەت کاتێک لە سەرەتای بەیانیدا دەخورێنەوە.

فەرامۆشکردنـی ژەمی بەیانی: بە تایبەت کاتێک لەگەڵ دوودڵی و سترێس و خواردنەوەی قاوەی تاڵ لەسەر گەدەی بەتاڵدا بێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی تا کاتژمێر 10ـی بەیانی کۆئەندامی دەمار بگاتە ئاستێکی بەرزی شڵەژان لەگەڵ دابەزینی شەکری خوێن، کە بە هەڵکشانی تەمەن توانای بەرگەگرتنی جەستە بۆ ئەم دۆخە کەم دەبێتەوە.

 

جێگرەوە تەندروستەکان چین؟

لە بەرامبەردا، دکتۆر بۆجراج پێشنیازی کرد ژەمی بەیانی دەوڵەمەند بێت بە پڕۆتین و ڕیشاڵ، وەک: هێلکە لەگەڵ میوە، پەنیر، توت و گوێز، ماست و شۆفان. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە پێش خواردنەوەی قاوە، بەلایەنی کەمەوە پەرداخێک ئاو بخورێتەوە بۆ پاراستنی شێداریی جەستە.

ئەو پزیشکە پسپۆڕە ئامۆژگاری دا کە پێنج خولەکی سەرەتای بەیانی تەرخان بکرێت بۆ هەناسەدانی هێواش، چوونە بەر تیشکی خۆر، یان وەرزشی کشانی ماسولکەکان و پیاسەیەکی کورت، تا جەستە بە شێوەیەکی هێمن و لەسەرخۆ لە دۆخی پشووەوە بەرەو چالاکییەکانی رۆژ هەنگاو بنێت.