دەروازەی سنووریی پێشخابوور-سێمالکا بە درێژایی هەفتە کراوە دەبێت
شەوکەت بەربوهاری، بەڕێوەبەری دەروازەی سنووریی پێشخابوور بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەمەودوا رۆژانی هەینیش دەروازەی سنووریی پێشخابوور - سێمالکا کراوە دەبێت و هاتوچۆ بە درێژایی هەفتە بەردەوام دەبێت.
بەربوهاری گوتی: بڕیارەکە لە سبەی هەینی 6ـی تشرینی دووەمی 2026ـەوە جێبەجێ دەکرێت و ئەم رێکارە نوێیە هاتوچۆی هاووڵاتییان و سەرجەم چالاکییە بازرگانییەکان لەگەڵ رۆژئاوای کوردستان دەگرێتەوە.
هەروەها رایگەیاند، دەوامی فەرمیی دەروازەکە هەموو رۆژێک لە کاتژمێر 8ـی بەیانیەوە تاوەکوو 4ـی ئێوارە دەبێت و دەروازەکە لەبەردەم جووڵەی هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کراوە دەبێت.
دەروازەی سنووریی پێشابوور، دەروازەیەکی سنووریی رووبارییە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، دەکەوێتە شارۆچکەی پێشابوور و سەر رووباری خابوور، کە رووبارەکە دەڕژێتە رووباری دیجلە لە ھەرێمی کوردستان.
دەروازەکە بەرامبەر دەروازەی سنووریی سێمالکەی پارێزگای حەسەکەیە لە رۆژئاوای کوردستان و لە ساڵانی نەوەدەکاندا کراوەتەوە.