کارتی سووتەمەنی بۆ دانیشتووانی سنووری سۆران دروست دەکرێت

کارتی سووتەمەنی بۆ دانیشتووانی سنووری سۆران دروست دەکرێت و لەمەودوا بەنزین، گاز و نەوت بەو کارتە دابەش دەکرێن

کارتی سووتەمەنی بۆ دانیشتووانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دروست دەکرێت، ئەوەش بە ئامانجی رێکخستن و دابەشکردنی سووتەمەنی بە شێوەیەکی دیجیتاڵی.

ئەمیر سەلیم شانەدەری، بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە داوا لە هاووڵاتییان کراوە کارتی نیشتمانی و بڕی 5,500 دینار ئامادە بکەن بۆ ئەوەی کارتی سووتەمەنییان بۆ دروست بکرێت. گوتیشی، هەر کەسێک دانیشتووی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بێت و کارتی نیشتمانیی ئەو سنوورەی هەبێت، دەتوانێت کارتی سووتەمەنی بەدەست بهێنێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، کارتەکە تایبەتە بە وەرگرتنی سووتەمەنیی نەوت، گاز و بەنزین و لەمەودوا هەر کەسێک ئەو کارتەی نەبێت لە سووتەمەنی سوودمەند نابێت. بەڕێوەبەری نەوت و کانزاکانی ئیدارەی سۆران راشیگەیاند، بەگشتی نزیکەی 100 هەزار کارت بە چەند قۆناخێک دروست دەکرێن و ئێستا بەشێکیان تەواو کراون و لە چەند رۆژی داهاتوودا سەرجەم کارتەکان تەواو دەکرێن. گوتیشی، کارتی سووتەمەنی بۆ ماوەی 10 ساڵ بەکاردێت و کاری پێ دەکرێت، بۆیە گرنگە هاووڵاتییان سەردانی بریکارەکانی خۆراک بکەن و کارتی سووتەمەنی وەربگرنەوە.

لە ماوەی رابردوودا بۆ رێگریی لە دروستبوونی قەیرانی سووتەمەنی بەتایبەت گاز و بەنزین، لە چەند شارێکی هەرێمی کوردستان کارتی سووتەمەنی دروست کراوە و لەمەودوا ئەو کارتە بۆ دانیشتووانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەبێت و تەواوی سیستمی دابەشکردنی سووتەمەنی بەدیجیتاڵی دەکرێت.