ئومێد خۆشناو بۆ هاووڵاتییان: ئەمشەو هاتوچۆی سەر شەقامەکان کەمبکەنەوە

پارێزگاری هەولێر لە پەیامێکی بە پەلەدا داوای لە هاووڵاتییان کرد بە مەبەستی رەخساندنی دەرفەت بۆ تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکان، ئەمشەو هاتوچۆی سەر شەقامەکان کەمبکەنەوە مەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت. هاوکات ئاشکرای کرد، تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ ڕاگەیاندنی پشووی فەرمی نەدراوە.

شەممە، 7ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە پەیامێکدا هۆشداریی دایە هاووڵاتییان لەبارەی دۆخی هاتوچۆی سەر شەقامەکان و ئاستی ئامادەباشیی تیمە خزمەتگوزارییەکان لە کاتی بەردەوامیی شەپۆلی بارانباریندا.

پارێزگاری هەولێر لە پەیامەکەیدا رایگەیاند: داوا لە هاووڵاتییانی خۆشەویست دەکەین، ئەگەر بۆ کاری زۆر گرنگ و پێویست نەبێت، ئەمشەو هاتوچۆی سەر شەقامەکان کەمبکەنەوە؛ تاوەکو تیمە پەیوەندیدارەکان بتوانن بۆ راپەڕاندنی ئەرکە پێویستەکان و پاراستنی سەلامەتیی هەموولایەک، بە ئاسانی بگەنە شوێنەکان.

ئومێد خۆشناو هاوکات دڵنیایی دایە هاووڵاتییان سەبارەت بە کارکردنی دەزگا خزمەتگوزاری و ئەمنییەکان و گوتی: سەرجەم تیمەکانی شارەوانی، پۆلیس، ئاسایش، بەرگریی شارستانی و تەندروستی لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودان و لە ئەرکدان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.

سەبارەت بە ئەگەری راگەیاندنی پشووی فەرمی بۆ سبەی لە دامودەزگاکانی سنووری پارێزگاکەدا، پارێزگاری هەولێر دەنگۆکانی یەکلا کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد کە: تا ئێستا هیچ بڕیارێک بۆ راگەیاندنی پشووی فەرمی نەدراوە.

هەروەها هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پەیامێکدا رایگەیاندووە، لە ئەنجامی هاتنی بارانی ڕەحمەت، مەترسی لە سەر رێگاکان و داروخان دروستبوە، داوا لە هاووڵاتییان و گەشتیارانی دەکەین، بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆیان و خێزانەکانیان، ئێستا خۆیان لە هاتوچۆ و گەشتکردنی بپارێزن ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت دەرنەچن.