وەزارەتی پەروەردە: دەسەڵاتی راگەیاندنی پشوو لای پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانە

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەسەڵاتی راگەیاندنی پشوو لە ناوەندەکانی خوێندندا لە کاتی نالەباریی رەوشی کەشوهەوا، بەخشراوەتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، لە روونکردنەوەیەکدا، پەیمان خواجە، گوتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "وەزارەتی پەروەردە لە ساڵانی رابردوو و ئێستاشدا، دەسەڵاتی راگەیاندنی پشووی ناوەندەکانی خوێندنی داوەتە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوەی لە کاتی نالەباریی دۆخی کەشوهەوادا، بەپێی پێویست بڕیاری لەسەر بدەن."

هاوکات ئومێد خۆشناو پارێگاری هەولێر لەوبارەوە بە کوردستان24ـی گوت: جارێ بڕیاری پشومان نەداوە.

هەروەها هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕایگەیاند، "دوای گفتوگۆمان لەگەڵ وەزیری پەروەردە و بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سۆران، بە باشمان زانی دەسەڵاتی راگەیاندنی پشوو لە کاتی نالەباریی کەشوهەوادا تەنیا لەلای قایمقامەکان بێت، بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەری پەروەردەکان، بۆ ئەوەی لە هەر سنوورێک پێویست بوو بڕیاری پشووی لێ بدرێت."

نەژاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بۆ کوردستان24 گوتی: "تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی نەدراوە سبەی لە قوتابخانە و خوێندنگەکان بکرێتە پشوو، بۆ ئەو مەبەستەش لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکرێت."

بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دا، بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو و لە ئەگەری خراپبوونی زیاتری کەشوهەوا، دەسەڵات دراوەتە بەڕێوەبەری پەروەردەکان لە قەزاکاندا، هەروەها پارێزگاری سلێمانیش دەسەڵاتی بەخشیوەتە قایمقامەکان تاوەکو بە هەماهەنگی بڕیاری پێویست بۆ ڕاگرتنی دەوامی فەرمی بدەن.

بەم بڕیارەش، لە کاتی دروستبوونی هەر شەپۆلێکی سەرما، بەفربارین یان لافاو، پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان لە سنووری جوگرافیی خۆیاندا و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی پەروەردە، بە لەبەرچاوگرتنی سەلامەتیی مامۆستایان و قوتابیان دەتوانن دەوامی فەرمی لە قوتابخانەکان رابگرن.

کەمێک پێش ئێستا گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، لە پەیامێکی هۆشداریی بە پەلەدا، داوا لە هاووڵاتییانی هەولێر دەکات بەهۆی تێکچوونی دۆخی کەشوهەوا و بارینی بارانی بە خوڕ و دروستبوونی لافاو، لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە و نەیەنە دەرەوە.

هەروەها ئومێد خۆشناو، لە پەیامێکی دیکەیدا رایگەیاندووە، داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، ئەگەر بۆ کاری گرنگ نەبێ ئەمشەو هاتوچۆی شەقامەکان کەم بکەنەوە، تا تیمەکان بتوانن بۆ کاری پێویست و سەلامەتی هەموولایەک بگەنە شوێنەکان؛ باسی لەوەش کرد، سەرجەم تیمەکانی شارەوانی، پۆلیس، ئاسایش و بەرگری شارستانی و تەندروستی لە ئامادەکاری و خزمەتی هاووڵاتییانن.